رۆیتەرز: ملیاران دۆلاری بلۆککراوی ئێران ئازاد دەکرێت


وێستگەنیوز-

ئەمڕۆ هەینی 12ی حوزەیرانی 2026، ئاژانسی رۆیتەرز لە زاری چوار سەرچاوەی ئاگادارەوە بڵاویکردەوە، میرنشینی یەکگرتووی عەرەبی (ئیمارات) رەزامەندی نیشانداوە لەسەر ئازادکردنی ملیارەها دۆلار لە داهاتە بلۆککراوەکانی ئێران، ئەمەش وەک هەنگاوێک بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکانی ناوچەکە.


بەپێی زانیارییەکانی رۆیتەرز، ئیمارات رەزامەندی داوە لەسەر ئازادکردنی بڕی 10 بۆ 20 ملیار دۆلار، کە تا ئێستا زیاتر لە 3 ملیار دۆلاری رادەستی تاران کراوە، ئەم هەنگاوە هاوکاتە لەگەڵ قۆناغەکانی کۆتایی دانوستانەکانی نێوان واشنتۆن و تاران بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ و ململانێکان.

سەرچاوەکان ئاماژەیان بەوە کردووە، کە ئەم بڕیارەی ئیمارات لە بەرانبەر راگرتنی هێرشە موشەکی و فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی ئێران بووە بۆ سەر خاکی ئەو وڵاتە، بەو پێیەی هێرشەکانی پێشوو کاریگەریی نەرێنییان لەسەر کەرتی گەشتیاری و بازرگانیی دوبەی دروست کردبوو، ئەم رێککەوتنە دەبێتە هۆی گەڕانەوەی متمانە بۆ پێگەی ئابووریی ئیمارات.

لە بەرامبەر ئەم زانیارییانەدا، بەرپرسێکی ئیماراتی رایگەیاند کە سیاسەتی وڵاتەکەیان لەسەر بنەمای خاوکردنەوەی پەرەسەندنە سەربازییەکان و کەمکردنەوەی گرژییەکانە و پشتگیری لە هەموو هەوڵە نێودەوڵەتییەکان دەکەن بۆ پاراستنی ناوچەکە لە لێکەوتەکانی ململانێ.

لەلایەکی دیکەوە، جەی دی ڤانس جێگری سەرۆکی ئەمریکا جەختی کردەوە، کە هیچ پارەیەک بۆ ئێران تەنها لەبەرامبەر واژۆکردنی رێککەوتن خەرج ناکرێت، بەڵکو دەبێت تاران بەکردەوە پابەندبوونی خۆی بە بڕگەکان بسەلمێنێت بۆ ئەوەی سوودە ئابوورییەکانی دەستپێبکات.

راپۆرتەکە ئاشکرای کردووە کە دانوستانەکان چەند هەفتەیەکە دەستیان پێکردووە و هەفتەی رابردوو بەرپرسانی سوپای پاسداران لە ئەبو زەبی لەگەڵ شێخ تەحنوون بن زاید ئال نەهیان، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی ئیمارات کۆبوونەتەوە، پاشان شاندێکی ئیماراتی سەردانی تارانیان کردووە بۆ دیاریکردنی میکانیزمی رادەستکردنی پارەکان.

ئەم پێشهاتە نوێیە بە وەرچەرخانێکی رادیکاڵ لە پەیوەندییەکانی هەردوو وڵات دادەنرێت و رێگە خۆش دەکات بۆ ئاڵوگۆڕی زانیاریی هەواڵگری و هاوکاری ئابووری، هەروەها ئاسایشی گەرووی هورمز و رێڕەوە ئاوییەکان زامن دەکات.


PM:10:42:12/06/2026


ئه‌م بابه‌ته 468 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت