وەزیری بەرگری بەریتانیا دەستی لەكار كێشایەوە


وێستگەنیوز-

ئەمڕۆ 11ی حوزەیرانی 2026، جۆن هیڵی، وەزیری بەرگری بەریتانیا لە حكومەتەكەی كێیەر ستارمەر بە فەرمی دەستی لەكار كێشایەوە و هۆكارەكەشی بۆ كەمیی بودجەی بەرگری و رەتكردنەوەی داواكارییەكانی لە لایەن وەزارەتی داراییەوە گەڕاندەوە.


جۆن هیڵی لە نامەیەكی تونددا كە ئاراستەی سەرۆك وەزیرانی بەریتانیای كردووە، رایگەیاندووە كە "پلانی وەبەرهێنانی بەرگری (DIP) زۆر كەمترە لەو ئاستەی كە وڵاتەكەی لەم كاتە مەترسیدارەدا پێویستی پێیەتی"، ئاماژەی بەوەش كردووە، "لە كاتێكدا هەڕەشەكانی رووسیا و ململانێكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست زیادیان كردووە، حكومەت ئامادە نییە بودجەی پێویست بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەو ئاڵەنگارییانە تەرخان بكات".

وەزیری بەرگریی دەستلەكاركێشاوە باسی لەوە كردووە كە داوای كردووە بودجەی بەرگری بگاتە 3%ی بەرهەمی ناوخۆیی تا ساڵی 2030، بەڵام ئەو رێككەوتنە داراییەی پێشكەشی كراوە تەنها 2,68% بووە، ئەمەش بە ناواقیعی وەسف دەكات بەرانبەر بەو ئەركانەی كە بەریتانیا لە ناتۆ و ئۆكرانیا و گەرووی هورمز لەسەر شانیەتی.

لە نامەكەیدا هیڵی هۆشدارییەكی توندی داوە و وتوویەتی: "هەڵسەنگاندنە هەواڵگرییەكان ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن كە ئەگەری هەیە تا ساڵی 2030 رووسیا هێرش بكاتە سەر وڵاتانی ناتۆ، بەبێ پلانێكی وەبەرهێنانی بەهێز، من ناچار دەبم بڕیارگەلێك بدەم كە ئامادەیی هێزەكانمان كەم دەكەنەوە و مەترسی لەسەر كارمەندەكانمان زیاد دەكەن".

جۆن هیڵی جەختی كردووەتەوە كە وەك وەزیری بەرگری نەیتوانیوە رێككەوتنێكی دارایی قبوڵ بكات كە وڵاتەكەی كەمتر ئارام بكاتەوە، بۆیە هیچ بژاردەیەكی تری لەبەردەمدا نەماوە جگە لە پێشكەشكردنی دەستلەكاركێشانەوەكەی.

ئەم دەستلەكاركێشانەوەیە لە كاتێكدایە كە بەریتانیا لە چەندین ئۆپەراسیۆنی نێودەوڵەتیدا بەشدارە، لەوانە سەرپەرشتیكردنی ئەركی سەربازی گەرووی هورمز و پاسەوانی جەمسەری باكوور بۆ ناتۆ، لەگەڵ بەردەوامیی هاوكارییە سەربازییەكانی بۆ ئۆكرانیا.


PM:03:13:11/06/2026


ئه‌م بابه‌ته 528 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت