ئەردۆغان: داخرانی گەرووی هورمز کاریگەریی نەرێنی لەسەر تەواوی جیهان دروست کردووە
وێستگەنیوز -
ئەمڕۆ هەینی 5ی حوزەیرانی 2026، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا لە میانی بەشدارییکردنی لە سێیەمین لووتکەی جیهانیی ئابووری ئیسلامی لە شاری ئیستەنبوڵ هۆشداری توندی لە تێکچوونی باری ئاسایش و ئابووری جیهان دا و رایگەیاند، "ململانێکانی ناوچەکە زیانی گەورەیان بە هەمووان گەیاندووە".
ئەردۆغان ئاماژەی بەوەکرد، "وەستانی تەواوەتی هاتووچۆی بازرگانی لە گەرووی هورمز، نەک کاریگەری نەرێنی لەسەر وڵاتانی کەنداو هەبووە، بەڵکو تەواوی جیهانی رووبەڕووی قەیران کردووەتەوە".
ئەردۆغان وتی، "کەشی ئاسایش و سەقامگیری لە جوگرافیای ئێمەدا، بەهۆی شەڕ، قەیران و ململانێی براکوژییەوە رۆژ لە دوای رۆژ زیاتر دادەخورێت".
سەبارەت بە هێرشەکانی ئیسرائیل سەرۆک کۆماری تورکیا باسی لەوە کرد، کە سەرەڕای هەوڵەکانی ئاگربەست، بەڵام ستەم و داگیرکاری لە غەززە، کەرتی رۆژئاوا و قودس بەبێ وەستان بەردەوامە، جەختیشی کردەوە، کە هێرشەکان فراوانتر بوون و لە باشووری لوبنانەوە گەیشتوونەتە دڵی شاری بەیرووتی پایتەخت.
لە کۆتایدا ئەردۆغان وتیشی، "ئێمە لە سەردەمێکدا دەژین کە تێیدا دابەشبوونێکی جیهانی لە بوارەکانی ئابووری و دارایی روویداوە بە جۆرێک کە بێ گوێدانە ئاستی گەشەسەندنی وڵاتان، ناهاوسەنگییە ئابوورییەکان لە نزیکەی هەموو شوێنێکی جیهاندا هەستیان پێ دەکرێت".
PM:09:51:05/06/2026
ئهم بابهته 332
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت