جۆزێف عۆن: ئێران لوبنان وەک وەرەقەی فشار بەکاردەهێنێت و دەبێت حزبوڵڵا چەک بکرێت


وێستگەنیوز -

ئەمڕۆ هەینی 5ی حوزەیرانی 2026، لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتدا لەگەڵ کەناڵی (CNN) جۆزێف عۆن، سەرۆک کۆماری لوبنان هێرشی توندی ئاراستەی کۆماری ئیسلامیی ئێران و حزبوڵڵا کرد و وتی، "گەلی لوبنان بووەتە قوربانی بەرژەوەندییەکانی تاران، و ئێران لوبنان وەک وەرەقەیەک بۆ مامەڵەکردن و دانوستان لەگەڵ ئەمریکا بەکاردەهێنێت".


سەرۆک کۆماری لوبنان لە لێدوانەکەیدا رووی دەمی کردە بەرپرسانی ئێران و وتی: "ئەمە وڵاتی ئێمەیە نەک ئێوە، بەرژەوەندییەکانی ئێمە لەگەڵ ئێوەدا یەکناگرێتەوە"، هاوکات جەختی لەوەش کردەوە کە نەعیم قاسم، ئەمینداری گشتیی حزبوڵڵا نوێنەرایەتی خەڵکی لوبنان ناکات، چونکە هەموو پێکهاتەکانی وڵات لەم جەنگە بێزار بوون و نایانەوێت چەند ساڵ جارێک ماڵ و حاڵیان وێران ببێت.

جۆزێف عۆن بەڵێنیدا کار بۆ چەککردنی حزبوڵڵا بکات بە مەبەستی پاراستنی سەروەریی لوبنان، داوای لەو گرووپەش کرد کە راستییەکان تێبگەن و روو بکەنە دیپلۆماسی، چونکە بە وتەی ئەو چارەسەری سەربازی هەرگیز ئاسایش بۆ هیچ لایەک دابین ناکات.

سەبارەت بە رێککەوتنی ئاگربەست، جۆزێف عۆن ئامادەیی وڵاتەکەی نیشان دا بۆ پابەندبوون بەو پرۆسەیە، بەڵام جەختی کردەوە کە بینینی بنیامین ناتانیاهۆ تەنیا دوای گەیشتن بە رێککەوتنی کۆتایی دەبێت، لە لایەکی دیکەشەوە نەبییە بەڕی، سەرۆکی پەرلەمانی لوبنان ئاماژەی بە ئەگەری کشانەوەی چەکدارانی حزبوڵڵا بۆ باکووری رووباری لیتانی کردووە، بە مەرجێک ئیسرائیل لە ناوچە داگیرکراوەکان پاشەکشە بکات.

ئەم لێدوانانەی سەرۆک کۆماری لوبنان لە کاتێکدایە کە بەپێی ئامارەکان، تەنیا لە سێ مانگی رابردوودا بەهۆی جەنگەوە زیاتر لە 3,500 لوبنانی گیانیان لەدەستداوە و رێژەیەکی زۆری دانیشتووانی وڵاتەکەش ئاوارە بوون.


PM:05:43:05/06/2026


ئه‌م بابه‌ته 152 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو