گرژیی دەریایی لە نێوان تاران و واشنتۆن، ئەمریکا وەڵامی دەنگۆکانی ئێران دەداتەوە
وێستگەنیوز -
ململانێکانی نێوان ئێران و ئەمریکا لەناوچەکەدا رەهەندێکی نوێ وەردەگرن و هێزی دەریایی هەردوو وڵات لە دەریای عومان و ئۆقیانوسی هیند لێدوانی دژبەیەک دەدەن، ئەوەش لە کاتێکدایە کە ناوچەکە لەبەردەم ئاگربەستێکی هەستیار دایە.
میدیا فەرمییەکانی ئێران بڵاویانکردەوە، هێزی دەریایی وڵاتەکەیان بە زنجیرەیەک مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، کەشتییە جەنگییەکانی ئەمریکایان لە دەریای عومان کردووەتە ئامانج، تاران ئاماژەی بەوە کردووە، کە ئەم هەنگاوە وەک هۆشدارییەک بووە لەوەڵامی ئەوەی کە ئەمریکا "تەنگ بە جووڵەی کەشتیوانی نێودەوڵەتی هەڵدەچنێت و تانکەرەکانی نەوت رادەگرێت".
لە لایەکی دیکەوە، فەرماندەیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) لە ناوچەی ئۆقیانوسەکانی هیند و پاسفیک، رایانگەیاند، دەستیان بەسەر کەشتییەکی بێ ئاڵا بەناوی "داڤینا"دا گرتووە، بەپێی راگەیەندراوەکەی ئەمریکا، ئەو کەشتییە لەلیستی ئەو کەشتیانەدایە کە سزای نێودەوڵەتییان لەسەرە و هاوکاریی تارانی کردووە.
هاوکات، سێنتکۆم لە راگەیەندراوێکدا، ئەو زانیارییانەی ئێرانی بە نادروست وەسفکرد کە باس لە هێرشکردنە سەر کەشتییەکانیان دەکەن، سێنتکۆم رایگەیاند، "هیچ هێرشێک یان تەقەکردنێک لە کەشتییە جەنگییەکانیان رووی نەداوە و ئەمریکا ب لە ئۆپەراسیۆنەکانی بۆ پەکخستنی ئەو تۆڕە نایاساییانەی هاوکاریی ئێران دەکەن بەردەوام دەبێت".
سێنتکۆم هۆشداریش دەدات کە هەر جۆرە هێرشێکی لەو شێوەیە، وەک "پێشێلکارییەکی گەورەی رێککەوتنی ئاگربەست" دەبینرێت، لە بەردەوامی هێزەکانی ئەمریکادا بۆ جێبەجێکردنی ئەو گەمارۆ دەریاییەی خراوەتە سەر کۆماری ئیسلامیی ئێران، وەک خاڵێکی سەرەکیی ململانێی نێوان واشنتۆن و تاران ماوەتەوە.
PM:04:57:05/06/2026
ئهم بابهته 448
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت