سوپای پاسداران: دەبێت لە نزیکترین کاتدا سوپای ئیسرائیل لە لوبنان بکشێتەوە


وێستگەنیوز-

ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە 4ی حوزەیرانی 2026، سوپای پاسداران رایگەیاند، "دەبێت هەرچی زووە سوپای ئیسرائیل لە خاکی لوبناندا بکشێتەوە و ناوچە داگیرکراوەکان چۆڵ بکات".


ئاماژە بەوەکراوە، "مەرجێکی سەرەکی کۆماری ئیسلامی بۆ قبووڵکردنی ئاگربەست و دانوستان، ئاگربەستە لە هەموو بەرەکاندا، لەنێویاندا لوبنان، بۆیە دەبێت ئیسرائیل بەپەلە هێرشەکانی بۆ سەر خەڵکی لوبنان راگرێت و بە خێرایی لە لوبنان بکشێتەوە و بە فەرمی رێز لە سەروەریی خاکی لوبنان بگرێت".

هەروەها سوپای پاسداران دەڵێت، "وڵاتان و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان لە ئاست رەفتارەکانی سوپای ئیسرائیل بێدەنگن و هیچ کاریگەرییەکان نەبووە بەرامبەر بەوەی لە لوبنان روودەدات و ئەمریکاش بانگەشەی چەسپاندنی ئاشتی دەکات، بەڵام لە تاوان و کۆمەڵکوژی، هیچی دیکە بەدی نەکراوە".

دەشڵێت، "ئیسرائیل لەم هێرشانەی دەیانکاتە سەر لوبنان، دەیەوێت شکستەکانی لە بەرەکانی جەنگدا، بە کوشتنی خەڵکی مەدەنی و وێرانکردنی ماڵ، نەخۆشخانە و قوتابخانەکان قەرەبوو بکاتەوە، تا ئێستا نەیتوانیوە دڵی خەڵکی گوندێکی داگیرکراویش لەخۆی رازی بکات".

سوپای پاسداران جەخت لەوەدەکاتەوە، خەڵکی لوبنان بە تەنها جێناهێڵن، هەروەها تەواوی وڵاتانی موسوڵمانیش بە هەموو توانایەکیانەوە پاڵپشتی خەڵکی لوبنان دەکەن.


PM:09:34:04/06/2026


ئه‌م بابه‌ته 204 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت