دۆناڵد ترەمپ: ئێمە نزیکین لە بەدەستهێنانی رێککەوتنێکی باش لەگەڵ ئێران


وێستگەنیوز-

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لەمیانەی چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ کەناڵی "فۆکس نیوز" رایگەیاند، "ململانێکان و گفتوگۆکان لە رێگەی نێوەندگیرەکانەوە بەردەوامن، ئێمە نزیکین لە بەدەستهێنانی رێککەوتنێکی باش لەگەڵ ئێران، بەڵام ئەگەر رێککەوتنەکە بە دڵی ئێمە نەبێت، جارێکی دیکە پەنا بۆ بژاردەی سەربازی و وەزارەتی جەنگ دەبەینەوە".


ئاماژەی بەوەکرد، "هێشتا دیپلۆماسیم بەلاوە پەسەندترە، چونکە گەیشتن بە رێککەوتن دەبێتە هۆی کردنەوەی دەستبەجێی گەرووی هورمز بەڕووی کەشتیوانیی نێودەوڵەتیدا".

لەمیانەی چاوپێکەوتنەکەدا ترەمپ مەرجێکی نوێی بۆ کشانەوەی هێزەکانی وڵاتەکەی لە ناوچەکە ئاشکراکرد و وتی، "تەنیا کاتێک هێزەکانمان دەکشێنینەوە کە گەرووی هورمز بکرێتەوە و دۆسیەی ئەتۆمی ئێران بە تەواوی چارەسەر بکرێت، دەبێت گەرووی هورمز بەبێ وەرگرتنی هیچ باج و رسوماتێک بکرێتەوە".

وتیشی، "پێویستە بە شێوەیەکی هەمیشەیی رێگری لە ئێران بکرێت کە ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی".

سەرۆکی ئەمریکا راشیگەیاند، "ئێمە بە شێوەیەکی هێواش و جێگیر ئەوەی دەمانەوێت لە ئێرانییەکان وەری دەگرین، بەڵام ئەگەر بەو شێوەیە کارەکان نەڕۆنە پێش، ئەوا بە شێوازێکی تەواو جیاواز و توند کۆتایی بەو ململانێیە دەهێنین".

ئاماژەی بەوەشدا، "رووبەڕووبوونەوەی ئێستا بە سەرکەوتنێکی تەواو بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دادەنرێت. هەروەها ئەو رووداوانەی لە کاتی جەنگەکەی کۆتایی مانگی شوباتی رابردووەوە روویان داوە، دەکرێت وەک گۆڕانکاری لە دەسەلاتی ئێراندا وەسف بکرێن".

ئەوەشی خستەڕوو، "ئێمە چەندین جار سەرکردایەتی ئێرانمان کردە ئامانج، ئەوانەشی لە سەرکردەکانیان ماونەتەوە، ئێستا عاقڵانەتر رەفتار دەکەن، هەروەها ئەوان خاوەنی سوپا نین، تەنیا شتێک کە هەیانە میدیای چەواشەکار".

ترەمپ ئەوەشی ئاشکراکرد، "کە دانوستانەکان لەگەڵ ئێران کاتی دەوێت بەهۆی ئەوەی ئێرانییەکان لە دانوستانکردندا شارەزان، بەڵام پەلەم نییە".


AM:08:14:31/05/2026


ئه‌م بابه‌ته 200 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت