هاکان فیدان: ئەمریکا و ئێران دەیانەوێت بگەنە ئەنجامێکی ئەرێنی بۆ گەیشتن بە رێککەوتن


وێستگەنیوز-

ئەمڕۆ شەممە 30ی ئایاری 2026، هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا لە لێدوانێکدا رایگەیاند، "هەردوو لایەن ئەمریکا و ئێران دەیانەوێت بگەنە ئەنجامێکی ئەرێنی لە هەوڵە دیپلۆماسییەکان بۆ گەیشتن بە رێککەوتن".


ئاماژەی بەوەکرد، "رێککەوتنی ئەو دوولایەنە زیاتر لە هەر کاتێکی دیکە نزیک بووەتەوە"، هاکان فیدان وتی، "تورکیا پشتگیری لە هەوڵەکانی نێوەندگیریی پاکستان و قەتەر دەکات لەم پرسەدا".

وتیشی، "دوای راگرتنی جەنگ لە نێوان ئێران، ئەمریکا و ئیسرائیل لەئێستادا سەرنجەکان زیاتر لەسەر گەرووی هورمزن و هەردوولا پلانێکیان داناوە بۆ دەستپێکردنەوەی گفتوگۆ ئەتۆمییەکان، بەو مەرجەی هاتووچۆی دەریایی لە گەرووی هورمزدا ئاسایی بێتەوە".

فیدان راشیگەیاند، "گەمارۆی دەریایی لەسەر گەرووی هورمز فشارێکی زۆر دەخاتە سەر ئەمریکا و ئێران، چونکە کاریگەری راستەوخۆی لەسەر ئاسایشی وزە، نرخە جیهانییەکان، ئاسایشی خۆراک و گەشەی ئابووری هەیە".

هەروەها وەزیری دەرەوەی تورکیا پێی وایە گەیشتن بە رێککەوتن لە نێوان ئێران و ئەمریکا بۆ کۆتاییهێنان بە کردەوە دوژمنکارانەکان، دەبێتە هۆی خێراکردنی پرۆسەی دانوستانەکان بۆ رێککەوتنی ئاشتی لە کەرتی غەززە.


PM:06:02:30/05/2026


ئه‌م بابه‌ته 12 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت