ئیسماعیل بەقایی: دەبێت بزانین هەڵگرتنی گەمارۆی دەریایی تا چەند جێگەی متمانەیە، ئایا راستییە یان تەنها لێدوانی میدیاییە
وێستگەنیوز-
ئەمڕۆ هەینی 29ی ئایاری 2026، ئیسماعیل بەقایی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، "چۆنیەتی بەڕێوەبردنی گەرووی هورمز لە داهاتوودا پەیوەستە بەو دوو وڵاتەی کە لێی نیشتەجێن کە بریتین لە عومان و ئێران، هەروەها کەشتییەکانی دوژمن رێگەیان پێنادرێت لە گەرووی هورمز تێپەڕن و کەشتییە بازرگانییەکانیش بە هەماهەنگی لەگەڵ هێزەکانمان تێپەڕیون".
ئاماژەی بەوەکرد، "دەبێت بزانین هەڵگرتنی گەمارۆی دەریایی تا چەند جێگەی متمانەیە، ئایا راستییە یان تەنها لێدوانی میدیاییە".
بەقایی وتی، "ئاڵوگۆڕی پەیام لەگەڵ ئەمریکا بەردەوامە و یاداشتی لێکتێگەیشتنەکە هێشتا کۆتایی پێنەهاتووە، ئێمە بەپێی بەرژەوەندییە نیشتمانییەکانی خۆمان کار دەکەین نەک بەو شێوەیەی ئەمریکییەکان دەڵێن دەبێت ئەنجامی بدەین".
وتیشی، "لەم قۆناغەدا تیشک دەخەینە سەر کۆتاییهێنان بە جەنگ و باس لە وردەکارییەکانی بابەتی ئەتۆمی ناکەین".
روونیشیکردەوە، "لەم قۆناغەدا باس لە وردەکارییەکانی پیتاندنی یۆرانیۆم و کەرەستە ئەتۆمییەکان ناکەین، هیچ کام لە لایەنە رۆژئاواییەکانیش مافی ئەوەیان نییە بە زمانی فەرمان قسەمان لەگەڵ بکەن".
راشیگەیاند، "ئەگەر ئەمریکا گەمارۆی دەریایی هەڵبگرێت، ئەوە بەو مانایەیە کە لە کردەوەیەکی نایاسایی وەستاوە، چونکە ئەوەی ئەمریکییەکان ناویان ناوە گەمارۆی دەریایی هەر لە سەرەتاوە رێکارێکی نایاسایی و پێشێلکردنی ئاگربەست بوو".
ئەم وتانەی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران دوای ئەوە دێت ئێوارەی ئەمڕۆ هەینی 29ی ئایاری 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، "گەمارۆی دەریایی سەر ئێران لادەبرێت".
PM:10:28:29/05/2026
ئهم بابهته 236
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت