کوەیت: هێرشەکانی ئێران پێشێلکارییەکی سەروەری و ئاسایشی وڵاتەکەمانە


وێستگەنیوز-

وەزارەتی دەرەوەی کوەیت لە راگەیەندراوێکی تونددا هێرشە موشەکییەکەی ئێرانی بە پێشێلکارییەکی راشکاوی سەروەری و ئاسایشی وڵاتەکەی وەسف کرد و رایگەیاند کە ئەم کردەوانەی تاران هەموو هەوڵە دیپلۆماسییە نێودەوڵەتییەکان بۆ هێورکردنەوەی ناوچەکە تێکدەدەن
.

پێنجشەممە، 28ـی ئایاری 2026، وەزارەتی دەرەوەی کوەیت لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی داوە، هێرشەکانی ئێران "پێشێلکارییەکی راشکاوی سەروەری و ئاسایشی وڵاتە و مەترسییەکی راستەوخۆن بۆ سەر ژیانی هاووڵاتییانی مەدەنی و دامەزراوە هەستیارەکان." جەختی کردەوە ئەم هێرشانە لە کاتێکدایە کە وڵاتانی دۆست هەوڵی جددی دەدەن بۆ هێورکردنەوەی ناوچەکە، بەڵام ئەم کردەوانەی تاران هەموو هەوڵە دیپلۆماسییەکان بۆ سەقامگیری تێکدەدەن.

کوەیت داوای لە ئێران کرد دەستبەجێ و بێ مەرج هێرشەکانی رابگرێت و تارانی بە بەرپرسیاری تەواوی ئەم دەستدرێژییە دانا، کە بە گوتەی ئەوان پێشێلکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکان و بڕیاری ژمارە 2817ـی ساڵی 2026ـی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتییە.

لە راگەیەندراوەکەدا، وەزارەتی دەرەوەی کوەیت جەختی کردەوە کە وڵاتەکەی "مافی تەواوی خۆی دەپارێزێت بۆ گرتنەبەری هەر رێکارێکی پێویست بۆ پاراستنی ئاسایش و خاکی خۆی لە بەرانبەر هەر هەڕەشەیەک، ئەمەش پشتبەست بە ماددەی 51ـی میساقی نەتەوە یەکگرتووەکان کە مافی بەرگری لە خۆ دەداتە وڵاتان."

بەپێی راگەیەندراوێکی فەرمیی سێنتکۆم، بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە کۆماری ئیسلامی ئێران مووشەکێکی بالیستیکی ئاراستەی وڵاتی کوەیت کردووە. هێزە بەرگریی ئاسمانی ئەو وڵاتە توانیویانە بە سەرکەوتوویی مووشەکەکە پێش گەیشتنی بە ئامانج تێکی بشکێنن.

هەروەها سوپای پاسدارانی ئێران لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی داوە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ بنکەیەکی سەربازیی ئەمریکایان کردووەتە ئامانج.

ئەم هەنگاوەش وەک وەڵامدانەوەیەک بووە بۆ ئەو هێرشانەی کە سوپای ئەمریکا کردبوویە سەر ناوچەکانی باشووری ئێران.


PM:04:39:28/05/2026


ئه‌م بابه‌ته 32 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت