سوپای ئیسرائیل فەرماندەیەکی باڵی سەربازیی حەماسی لە غەززە کردە ئامانج


وێستگەنیوز-

ئەمڕۆ چوارشەممە 27ی ئایاری 2026، سوپای ئیسرائیل و دەزگای ئاسایشی نەتەوەیی (شاباک) لە راگەیەندراوێکی هاوبەشدا رایانگەیاند، "محەمەد عۆدە، فەرماندەی باڵی سەربازیی حەماس لە غەززە کراوەتە ئامانج و کوژراوە".


ئاماژە بەوەکراوە، "عۆدە تەنیا دوو هەفتە بوو پۆستی فەرماندەیی باڵی سەربازیی وەرگرتبوو، ئۆپەراسیۆنەکە لە رێگەی هێرش بۆ سەر چەند باڵەخانەیەک لە نێو شاری غەززەکراوە، ئەم شوێنانە وەک حەشارگە بەکار دەهێنران".

سوپای ئیسرائیل باسی لەوەشکردووە، "هێرشەکە دوای چاودێرییەکی وردی هەواڵگری بۆ ماوەی چەند مانگێک هات، هاوکات شوقەیەکی تەنیشت حەشارگەکەش کرایە ئامانج، لەو شوقەیەدا یەکێک لە بەشداربووانی هێرشی 7ی ئۆکتۆبەر هەبوو، ناوی لە لیستی یاریدەدەرە نزیکەکانی عۆدەدا بوو".

سوپاکە دەڵێت، "ئەم فەرماندەیە پێشتر بەرپرسی هەواڵگریی بزووتنەوەکە بووە. ئەرکی داڕشتنی پلان و هەماهەنگی ئامانجەکانی هێرشی 7ی ئۆکتۆبەری لە ئەستۆ بووە".

دەشڵێت، "کوژرانی محەمەد عۆدە گورزێکی گەورەیە بۆ هەوڵەکانی بنیاتنانەوەی هێزە سەربازییەکانی حەماس".

ئیسرائیل، عۆدە بە یەکێک لە دوایین سەرکردە باڵاکانی باڵی سەربازی دادەنێت سەرپەرشتی شەڕی دژی هێزەکانی ئیسرائیلی کردووە.


PM:03:03:27/05/2026


ئه‌م بابه‌ته 16 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت