لیندزی گراهام هۆشداری دەدات لەبارەی رێککەوتنی ئەمریکا و ئێران
وێستگەنیوز-
ئەمڕۆ شەممە 23ی ئایاری 2026، لیندزی گراهام، سیناتۆری دیاری ئەمریکی رایگەیاند، "ئەگەر رێککەوتنێک بۆ کۆتاییهێنان بە ململانێی ئێران لەسەر ئەو بنەمایە بێت کە گەرووی هورمز لە تیرۆری ئەو وڵاتە ناپارێزرێت یان بەهۆی توانای ئێران بۆ وێرانکردنی ژێرخانی نەوتی وڵاتانی کەنداو بێت، ئەوا ئێران وەک هێزێکی باڵادەست دەسەلمێنرێت کە تەنیا لەرێگەی دیپلۆماسییەوە مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت".
ئاماژەی بەوەکرد، "ئەم تێڕوانینە بۆ تواناکانی ئێران لە تێکدانی ئاسایشی گەرووی هورمز و ژێرخانی نەوتی ناوچەکە، گۆڕانکارییەکی گەورەیە لە هاوسەنگیی هێزدا و بە تێپەڕبوونی کات دەبێتە مۆتەکەیەکی راستەقینە بۆ ئیسرائیل".
سیناتۆرە ئەمریکییەکە وتی، "ئەگەر ئەم تێڕوانینانە راست بن، مرۆڤ تووشی سەرسوڕمان دەبێت کە بۆچی ئەم جەنگە لە سەرەتادا دەستی پێکرد؟"
راشیگەیاند، "ئەو گومانی هەیە لەو بیرۆکەیەی کە دەڵێت ناتوانرێت رێگری لە ئێران بکرێت لە هەڕەشەکردن لە گەرووی هورمز، یان ناوچەکە ناتوانێت خۆی لە بەرانبەر توانای سەربازیی ئێران بپارێزێت".
وتیشی، "پێویستە بەوپەڕی وریایی و دروستییەوە مامەڵە لەگەڵ ئەم دۆخەدا بکرێت بۆ ئەوەی رێگری لە هەر مەترسییەکی گەورە لە داهاتوودا بگیریێت".
ئەمڕۆ ماڵپەڕی ئەکسیۆس بڵاویکردەوە، بەرپرسێکی ئەمریکی ئاگاداری وردەکاریی دانوستانەکانە، پێی راگەیاندووە، "ئیدارەی ترەمپ و کۆماری ئیسلامی ئێران هەنگاوی زۆر گەورەیان ناوە و ئێستا زۆر نزیکن لە واژۆکردنی رێککەوتنێک بۆ راگرتنی جەنگ".
ئەوەشی خستووەتەڕوو، "کە ئەو جیاوازی و کەلێنانەی هێشتا لە نێوان هەردوولادا ماون، زیاتر پەیوەستن بە نووسینەوەی لێکتێگەیشتنەکە و شێوازی داڕشتنی هەندێک لە خاڵەکان، نەک ناوەڕۆک و بنەما سەرەکییەکانی رێککەوتنەکە".
PM:10:41:23/05/2026
ئهم بابهته 208
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت