بەقایی: جیاوازیی بۆچوونمان لەگەڵ ئەمریکا زۆرە؛ دانوستانەکان بەم زووانە ناگەنە ئەنجام
وێستگەنیوز-
وتەبێژی شاندی دانوستانکاری ئێران لەگەڵ ئەمریکا
ڕۆژی هەینی ڕایگەیاند کە بابەتی دۆسیەی ئەتۆمیی ئێران لەم قۆناغەدا جێگەی دانوستان
نییە و ئاماژەی بە بوونی جیاوازیی قووڵ لە بۆچوونەکاندا لەگەڵ ئەمریکا کرد.
ئیسماعیل بەقایی وتی، "جیاوازیی بۆچوونەکانی
نێوان ئێران و ئەمریکا ئەوەندە قووڵ و زۆرن کە ناکرێت بڵێین بە چەند هاتوچۆیەک یان
بە دانوستانی چەند هەفتەیەک، دەبێت بە دڵنیاییەوە بگەینە ئەنجام".
ناوبراو ئەو ڕاپۆرتانەی ڕەتکردەوە کە باس لە نزیکبوونی
ڕێککەوتن لەگەڵ ئەمریکا دەکەن و ڕایگەیاند، "ناتوانین بڵێین لایەنەکان بەو پێویستییە
گەیشتوونەتە شوێنێک کە ڕێککەوتنەکە نزیک بێت".
بەقایی جارێکی تر هەڵوێستی وڵاتەکەی سەبارەت بە
بەرنامەی ئەتۆمی و یۆرانیۆمی پیتێنراو دووبارە کردەوە و وتی هەڵوێستەکانی ئێران پێشتر
ڕاگەیەندراون.
ئەمە لەکاتێکدایە کە کاتژمێرێک پێشتر، مارکۆ ڕوبیۆ،
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاندبوو کە پێویستە بابەتی داهاتووی پیتاندنی یۆرانیۆم
لە ئێران لە کارنامەی دانوستانەکاندا بێت.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆک کۆماری ویلایەتە یەکگرتووەکانی
ئەمریکاش، چەندین جار جەختی کردووەتەوە کە نابێت ئێران دەستی بە چەکی ئەتۆمی ڕابگات.
ئیسماعیل بەقایی کە وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی
کۆماری ئیسلامییە، ڕۆژی هەینی لەلایەن محەمەد باقر قالیبافەوە وەک وتەبێژی شاندی
دانوستانکاری ئێران دەستنیشانکرا، ئەو ڕاپۆرتانەی پشتڕاستکردەوە کە باس لە ئامادەبوونی
شاندێکی قەتەری لە ئێران دەکەن.
ئەو وتی، "شاندێکی قەتەری سەرقاڵی دانوستانن لەگەڵ
وەزیری دەرەوەی وڵاتەکەمان، بەڵام نێوەندگیری دانوستانەکان هێشتا لایەنی پاکستانییە."
پێشتر ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز لە زاری سەرچاوەیەکی
ئاگادارەوە نووسیبووی کە تیمێکی دانوستانکاری قەتەری ڕۆژی هەینی بە "هاوئاهانگی" لەگەڵ
ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا گەیشتوونەتە تاران.
PM:09:05:22/05/2026
ئهم بابهته 16
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت