نیویۆرک تایمز: ئەمریکاو ئیسرائیل بۆ رێبەریی نوێی ئێران چاویان لەسەر ئەحمەدی نەژاد بوو
وێستگەنیوز-
نیویۆرک تایمز ڕاپۆرتێکی
بڵاوکردووەتەوە کە تێیدا هاتووە؛ ترەمپ و ئیسرائیل لە کاتی داڕشتنی پلانێکی چەند قۆناغی بۆ
ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامی، مەحمود ئەحمەدی نەژادی وەک بژاردەیەک بۆ ڕێبەرایەتیکردنی
ئێران لە دوای لادانی عەلی خامنەیی و ژمارەیەک لە بەرپرسانی باڵای ڕژێمەکە لەبەرچاو
گرتبوو.
بەپێی نووسینی ئەم ڕۆژنامەیە،
هێشتا ڕوون نییە ئەحمەدی نەژاد چۆن هاتووەتە ناو ئەم پلانەوە یان تا چەند لە وردەکارییەکانی
ئاگادار بووە. لەگەڵ ئەوەشدا، زۆرێک لە ڕاوێژکارانی دۆناڵد ترەمپ ئەم بیرۆکەیەیان
بە نادروست و ناواقیعی دەزانی و هەندێک لە بەرپرسانی ئەمریکی بەتایبەت گومانیان لە
ئەگەری گەڕاندنەوەی ئەحمەدی نەژاد بۆ سەر دەسەڵات هەبوو.
نیویۆرک تایمز ئاماژەی
بەوەش کردووە، ئەو ژمارە بەرپرسەی کۆماری ئیسلامی کە لە هێرشەکەی سەر ماڵی ڕێبەرایەتیدا
کوژران، لە ڕوانگەی کۆشکی سپییەوە لە ڕیزی ئەو کەسایەتییانەدا بوون کە ئامادەیی زیاتریان
تێدا بوو بۆ گفتوگۆکردن لەسەر گۆڕینی ڕژێم.
لەو سەردەمەدا، سەرەتا
میدیاکانی ئێران چەندین راپۆرتیان سەبارەت بە کوژرانی ئەحمەدی نەژاد لە هێرشێکی
ئاسمانیدا بۆ سەر ماڵەکەی بڵاوکردەوە؛ بەڵام دواتر ڕاگەیەندرا کە ئەو زیندوو ماوەتەوە.
وێنە مانگە دەستکردەکان
نیشانیان دەدا کە ماڵەکەی زیانێکی ئەوتۆی بەرنەکەوتووە، بەڵام بنکە ئەمنییەکەی سەرەتای
کۆڵانەکەی بە تەواوی وێران بووە.
بەگوێرەی ڕاپۆرتی نیویۆرک
تایمز، پاسەوانەکانی ئەحمەدینژاد کە ئەندامی سوپای پاسداران بوون لەو هێرشەدا
کوژران؛ ئەو کەسانەی کە هاوکات لەگەڵ پاراستنی، لە ڕاستیدا لەژێر ئەحمەدی نەژادیان
لە ماڵەکەی خۆیدا دەستبەسەر کردبوو.
AM:08:36:20/05/2026
ئهم بابهته 388
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت