لە سەرەتای شەڕەوە زیاتر لە 50 کەس لە ئێران لەسێدارەدراون


وێستگەنیوز-

ماڵپەڕی مافەکانی مرۆڤ «هەرانا» ڕایدەگەیەنێت کە لە کاتی دەستپێکردنی هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران لە 28ی شوباتی رابردوو تا هەفتەیەک لەوەپێش، لانیکەم 4 هەزار و 23 حاڵەتی دەستبەسەرکردن و 50 حاڵەتی لەسێدارەدانی لەو وڵاتەدا تۆمار کردووە.

بەپێی ڕاگەیەندراوی ئەم گروپەی مافی مرۆڤ کە بنکەکەی لە ئەمریکایە، ئەم کەسانە بە تۆمەتگەلێکی وەک "سیخوڕی"، "هەڕەشە لەسەر ئاسایشی نیشتمانی" و پەیوەندی یان ناردنی بابەتەکانی پەیوەندیدار بە جەنگ بۆ میدیا بیانییەکان، دەستبەسەر یان لەسێدارەدراون.

هەرانا ئەوەشی خستووەتە ڕوو کە زیندان و گرتووخانەکان بەشێوەیەکی بەرچاو خراپتر بووە، لە کاتێکدا بەرپرسان بازگەکانیان زیاد کردووە، سنووردارکردنی هاتوچۆیان توندتر کردووە و بڕینی درێژخایەنی ئینتەرنێتیان جێبەجێ کردووە کە ئاستی پەیوەندی وڵاتەکەی بۆ نزیکەی لە سەدا یەکی ڕێژەی ئاسایی کەمکردووەتەوە.

ئەحمەدرەزا ڕادان، فەرماندەی گشتیی هێزی پۆلیس ڕۆژی دووشەممە ڕایگەیاندبوو کە لە سەرەتای جەنگەوە زیاتر لە 6500 کەسیان بە تۆمەتی سیخوڕی دەستگیرکردوە کە 567 کەسیان پەیوەندییان بە گروپە دژەبەرەکانی کۆماری ئیسلامییەوە بووە.

له‌م ڕاپۆرتەدا ئاماژە بەو زیانانەش کراوە کە بەر هاوڵاتیان کەوتووە لە هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران و تێیدا هاتووە کە کۆمەڵەی چالاکوانانی مافی مرۆڤ لانی کەم 3 هەزار و 636 حاڵەتی گیانلەدەستدانی بە بەڵگەنامە تۆمار کردووە؛ کە پێکهاتوون لە1701 مەدەنی،1221 هێزی سەربازی و 714 کەس کە نەناسراونەتەوە.

هەرانا، گیانلەدەستدانی 307 منداڵ و برینداربوونی 2 هەزار و 213 منداڵی تریشی لە ئەنجامی ئەو هێرشانەدا پشتڕاستکردووەتەوە.


AM:08:56:19/05/2026


ئه‌م بابه‌ته 228 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت