ئێران پێنج مەرج بۆ گەڕانەوە بۆ سەر مێزی گفتوگۆ لەگەڵ ئەمریکا دادەنێت


وێستگەنیوز-

تاران پێش دەستپێکردنەوەی هەر خولێکی نوێی دانوستان لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکان؛ وەک بنەمایەکی پێویست، بۆ بنیاتنانی متمانە، پێنج مەرجی دیاری کردووه‌.

ئەمە لە کاتێکدایە گرژی و ئاڵۆزییەکانی نێوان هەردوولا، بەردەوامە و پڕۆسەی دانوستان چەند مانگێکە پەکیکەوتووە.

ئاژانسی "فارس"ی ئێرانی لە زاری سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە بڵاویکردەوە، ئێران نێوەندگیری پاکستانی ئاگادار کردووەتەوە، بەشداری خولی دووەمی دانوستانەکان لەگەڵ واشنتن ناکات، ئەگەر کۆمەڵێک ڕێکار جێبەجێ نەکرێن کە تاران وەک کەمترین ئاستی پێویست، بۆ گەڕاندنەوەی متمانە دەیانبینێت.

بەپێی سەرچاوەکە، مەرجەکانی ئێران ئەمانەن:

-کۆتاییهێنان بە جەنگ لە سەرجەم بەرەکاندا، بەتایبەتی لە لوبنان.

-لادانی سزاکان و گەمارۆی ئابووری سەر ئێران.

-ئازادکردنی تەواوەتی داراییە بلۆککراوەکانی ئێران لە دەرەوەی وڵات.

- قەرەبووکردنەوەی زیانە گیانی و ماددییەکانی نێو جەنگەکە.

-ناساندنی مافی سەروەریی ئێران لە بەڕێوەبردنی گەرووی هورمز و دەستوەرنەدان لە ڕێوشوێنە یاساییەکانی.

ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەش کردووە، بەردەوامیی گەمارۆی دەریایی ئەمریکا، تەنانەت دوای گەیشتن بە ڕێککەوتنی ئاگربەست، بێمتمانەیی بەرانبەر واشنتن زیاتر کردووە.

جەختیشی له‌وه‌ کردەوە تاران، پێش دەستپێکردنەوەی هەر ڕێڕەوێکی دانوستان، جێبەجێکردنی ئەم مەرجانە، وەک هەنگاوێکی سەرەکی دەبینێت.

هەروەها سه‌رچاوه‌كه‌ باس له‌وه‌ ده‌كات سەرکردایەتی ئێران، پێیانوایە گەڕانەوە بۆ سەر مێزی گفتوگۆ، بەبێ گەرەنتی کرداری، هیچ پێشکەوتنێکی ڕاستەقینە بەدەست ناهێنێت و دڵنیابوونەوە لە جێبەجێکردنی ئەم داواکارییانە، مەرجی بنەڕەتییە بۆ دەستپێکردنی هەر دانوستانێکی نوێ.

له‌ ماوه‌ی رابردوودا، خولی دانوستانە ناڕاستەوخۆکانی نێوان ئێران و ئەمریکا، لە گەڕی یەکەمدا، لە شاری ئیسلام ئابادی پایتەختی پاکستان، لە ماوەی نێوان 11 بۆ 13ی نیسانی 2026 بەڕێوەچوو، بەڵام بێ ئەنجامێکی بەرچاو کۆتایی پێهات.


PM:01:24:13/05/2026


ئه‌م بابه‌ته 400 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت