تاران ڕەخنەی توند ئاڕاستەی ئەمریکا دەکات و هۆشداری لە پشێوی دەدات


وێستگەنیوز-

لەگەڵ هەڵکشانی هەڕەشەکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران، بەهۆی ڕەتکردنەوەی دوایین پێشنیازی واشنتۆن بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ، وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕەخنەی توندی ئاڕاستەی ویلایەتە یەکگرتووەکان و ئیسرائیل کرد، بەبێ ئەوەی ناویان بهێنێت.

ئه‌مڕۆ چوار شه‌ممه‌، 13ی ئایاری 2026، ئیسماعیل بەقایی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوە، لە ڕاگەیەندراوێکی درێژدا لە هەژماری خۆی لە پلاتفۆرمی (ئێكس)، هۆشداریدا لەوەی جیهان بەرەو "هەڵدێری پشێوی و ژێردەستەیی ده‌چێت".

هەروەها ناوبراو پێیوایه‌ جەنگی ئێستای نێوان وڵاتەکەی و ئەمریکا و ئیسرائیل "ململانێی نێوان چاکە و خراپەیە" و لە نووسینەکەیدا هاتووە: "ویلایەتە یەکگرتووەکان و ئیسرائیل، بۆ جاری دووەم لە ماوەی کەمتر لە ساڵێکدا، ئەم جەنگە دەستدرێژکارانەیان لە 28ی شوباتی 2026دا دەستپێکرد، لە کاتێکدا ئێران و ئەمریکا خەریکی دانوستانی دیپلۆماسی بوون. ئەمە تەنها جەنگێک نییە لەسەر زەوی یان سەرچاوەکان یان جوگرافیای سیاسی، بەڵکو جەنگێکە، مانای چاکە و خراپە، لە سەردەمی ئێستا و داهاتووماندا دیاری دەکات".

جگە لەوەش، جەختی لەوە کردەوە ئێران "قبوڵی جیهانێک ناکات کە لەلایەن هێزە کۆیلەکەرە لووتبەرز و هەژموونخوازەکانەوە بەڕێوەبچێت، ئەوانەی ملکەچی لێپرسینەوە نابن و بە زۆرەملێ و درۆ و سەرانەوەرگرتن، فەرمانڕەوایی دەکەن".

ناوبراو وای دەبینێت "بێدەنگی لە کاتێکی ئاوادا، هاوکارییە لەگەڵ شەیتان".

هەروەهاده‌ڵیت"ئەگەر تۆ ڕێگەی بەڕبەڕیه‌ت و هەژموونخوازی ڕەتدەکەیتەوە، با بوێری ئەخلاقیت هەبێت، بۆ ئەوەی قسە بکەیت و بجوڵێیت و لە لایەنی ڕاستی مێژوودا بوەستیت، پێش ئەوەی جیهان بەرەو هەڵدێری پشێوی بخزێت".


PM:01:16:13/05/2026


ئه‌م بابه‌ته 104 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت