کوەیت دەستگیرکردنی 4 ئەندامی سوپای پاسدارانی راگەیاند
وێستگەنیوز-
وەزارەتی ناوخۆی کوێت، ئەمڕۆ سێشەممە ئەنجامی لێکۆڵینەوەکانی
لەگەڵ چوار چەکداری دزەپێکراوی ئێرانی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، ئەو کەسانە دانیان
بەوەدا ناوە کە پلەدار و ئەندامی فەرمیی "سوپای پاسداران"ی کۆماری ئیسلامی
ئێرانن و بە مەبەستی ئەنجامدانی کردەوەی دوژمنکارانە دزەیان کردووەتە ناو خاکی وڵاتەکەیان.
بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، ئەم گروپە لە ڕۆژی هەینی (1ی ئایاری
2026) لەڕێگەی بەلەمێکی ڕاوەماسییەوە کە بەتایبەت بۆ ئەو مەبەستە بەکرێیان گرتبوو،
هەوڵیانداوە دزە بکەنە ناو "دوورگەی بوبیان".
لە کاتی ڕووبەڕووبوونەوەیان لەگەڵ هێزە چەکدارەکانی کوێت، پێکدادانی
چەکداری ڕوویداوە و بەهۆیەوە کارمەندێکی سوپای کوێت بریندار بووە. وەزارەتی ناوخۆی
کوەیت ناوی چوار دەستگیرکراوەکەی ئاشکرا کرد کە بریتین لە دوو عەقید بە ناوەکانی ئەمیرحسێن
زارعی و عەبدولسەمەد قەنەواتی، نەقیبێک بە ناوی ئەحمەد زولفەقاری و ملازمێکی سوپای
پاسداران بەناوی محەمەد فروغی راد، هاوکات ئاماژەی بەوەش کرد کە دوو کەسی دیکە لە
گروپەکە توانیویانە لە کاتی پێکدادانەکەدا ڕابکەن.
لەلایەکی دیکەوە، وەزارەتی دەرەوەی کوێت بەتوندی سەرکۆنەی ئەم
هێرشەی کرد و بە "پێشێلکارییەکی زەق بۆ سەروەریی وڵات" و "بەزاندنی
یاسا نێودەوڵەتییەکان و بڕیاری ژمارە 2817ی ساڵی 2026ی ئەنجومەنی ئاسایش" ناوی
برد. وەزارەتی دەرەوە داوای لە ئێران کرد دەستبەجێ و بێ مەرج کۆتایی بەو کارە
دوژمنکارییانە بهێنێت کە ئاسایشی ناوچەکە دەخەنە مەترسییەوە، جەختیشی کردەوە کە کوێت
مافی تەواوی خۆیەتی بەپێی ماددەی (51)ی میساقی نەتەوە یەکگرتووەکان، بەرگری لە خۆی
بکات و ڕێکاری گونجاو بگرێتەبەر.
PM:04:19:12/05/2026
ئهم بابهته 28
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت