بۆچی ترەمپ وتی "نەخێر"؟


وێستگەنیوز-

میدیا فەرمییەکانی ئێران، وردەکاریی ئەو پێشنیازە پێچەوانەیەیان ئاشکرا کرد کە تاران بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی ئێستا، پێشکەشی کردووە؛ پێشنیازەکە مەرجی سەروەری و دارایی تێدایە و لەلایەن ئەمریکاوە زۆر بە توندی ڕەتکرانەوە.


تاران لەو ڕەشنووسەدا کە لە ڕێگەی نێوەندگیری پاکستانەوە ڕادەستی کردووە، داوا ده‌كات به‌ شێویه‌كی ته‌واوه‌تی دان به‌ سه‌روه‌ری وڵاته‌كه‌یدا به‌سه‌ر گه‌روی هورمزی گه‌مارۆدار برێت، لەگەڵ وەرگرتنی قەرەبووی زیانەکانی جەنگ و ئازادکردنی سەرمایە بلۆككراوه‌كانی ئێران لە دەرەوە.

ئاژانسی ڕۆیتەرز، لە تەلەفزیۆنی فەرمیی ئێرانەوە بڵاویكردووه‌ته‌وه‌ پێشنیازەکە هەوڵ بۆ "سفرکردنەوەی بەرەکان" و کۆتاییهێنان بە شەڕ بە شێوەیەکی گشتگیر دەدات، بە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی لوبنانیشەوە، لە هەنگاوێکی سه‌رنجڕاكێشدا، ڕاپۆرتە فەرمییەکانی ئێران، هیچ ئاماژه‌یه‌كی تێدا نییه‌، سه‌باره‌ت به‌ پابه‌ندبوونی ئێران به‌ به‌رنامه‌ ئه‌تۆمییه‌كه‌یه‌وه‌ كه‌ خاڵی سەرەکیی ناکۆکییەکانە لەگەڵ لایەنی ئەمریکی.

لە یەکەم کاردانەوەی فەرمیدا، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، مەرجەکانی ئێرانی بە "هەرگیز قبوڵنەکراو" وەسف کرد، ئەمە ئاماژەیەکی ڕوونە بۆ پابەندبوونی واشنتۆن بە پێشنیازە بنەڕەتییەکەی خۆی کە لە 14 خاڵ پێکهاتووە.

ترەمپ پێشتر هەڕەشەی ئه‌وه‌ی كردبوو، ئەگەر تاران ملی نەدات بۆ ڕێککەوتنێک، گەرەنتی داماڵینی تواناکانی ئەتۆمی بکات کە هەڕەشەن بۆ سەر ئاسایشی ناوچەکە، ئه‌وا بۆردومانه‌كان به‌ شێوه‌یه‌كی چڕ ده‌ستپێده‌كاته‌وه‌.

لەلایەکی دیکەوە، مایک واڵتز، باڵیۆزی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان، سیمای هەڵوێستە توندەکەی ئەمریکای کێشا و لە لێدوانێکدا بۆ بەرنامەی "فۆکس نیوز سەندەی" جەختی له‌وه‌ کردەوە "هێڵێکی سووری زۆر ڕوون" هەیە و ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌ كرد سەرۆک ترەمپ ڕێگە نادات ئێران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی یان بەردەوام بێت لە "ئیبتزازکردنی ئابووری جیهان" لە ڕێگەی هەڕەشەی داخستنی ڕێڕەوە ئاوییە هەستیارەکانەوە.

ئەم پەرەسەندنانە، ناوچەکە دەخەنە بەردەم سیناریۆیەکی تەمومژاوی، چونکە واشنتۆن وا دەبینێت هەر ڕێککەوتنێک، هەڵوەشاندنەوەی ژێرخانی پیتاندنی یۆرانیۆمی تێدا نەبێت، "ڕێککەوتنێکی ناتەواوە".

ئه‌مه‌ لە کاتێکدایه‌ تاران سوورە لەسەر بەستنەوەی هێورکردنەوەی دۆخەکە، بە هەڵگرتنی گشتگیری سزاکان و داننان به‌ هەژموونی خۆی لە گەرووی هورمزدا؛ ئەمەش له‌ سایه‌ی چه‌قبه‌ستووی دانوستانه‌كان، مەترسی ئه‌وه‌ی لێده‌كرێت پۆپه‌راسیۆنه‌كان به‌ شێوه‌یه‌كی چڕ و تووندتر سه‌رهه‌ڵبده‌نه‌وه‌.


PM:12:29:11/05/2026


ئه‌م بابه‌ته 64 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت