یەکەم کاردانەوەی ئێران بەرامبەر ڕەتکردنەوەی پێشنیازەکەی لەلایەن سه‌رۆكی ئه‌مریكاوه‌: "گرنگ نییە"


وێستگەنیوز-

ئاژانسی "تەسنیم" لە سەرچاوەیەکی ئاگاداری ئێرانییەوە، ئه‌وه‌ی بڵاوكردووه‌ته‌وه‌ کە کاردانەوەی ترەمپ سەبارەت بە وەڵامەکەی ئێران "گرنگ نییە".

سەرچاوەکە ده‌ڵێت: "کاتێک ترەمپ ناڕەزایەتی بەرامبەر پلانێك دەردەبڕێت، زۆربەی کات ئەوە ئاماژەیە بۆ ئەوەی پلانەکە باشە".

هەروەها ئاماژەی بەوە کردووه‌: "کاردانەوەی ترەمپ بایەخی نییە، چونکە لە ئێراندا هیچ کەسێک، سەرقاڵی داڕشتنی پلانێک نییە، تەنها بۆ ئەوەی سەرۆکی ئەمریکا لێی ڕازی بێت".

پێشتر، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، ڕەتکردنەوەی ئەو وەڵامەی ئاشکرا کرد کە ئێران لە ڕێگەی نێوەندگیری پاکستانەوە، بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ پێشکەشی کردبوو و رایگه‌یاند: "بە هیچ شێوەیەک قبوڵنەکراوە".

ترەمپ لە هەژماری خۆی لە سەکۆی "ترووس سۆشیاڵ" نووسیویەتی: "ئێستا وەڵامی ئەوانەم خوێندەوە کە بە نوێنەرانی ئێران ناودەبرێن. بە دڵم نەبوو و بە هیچ شێوەیەک قبوڵنەکراوە".

لە هەمان کاتدا، ترەمپ بە ماڵپەڕی "ئەکسیۆس"ی ڕاگەیاندووە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی لەگەڵ بنیامین نەتەنیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل "زۆر دۆستانە" بووە.

وتیشی: "لەگەڵ نەتەنیاهۆ قسەم کرد و جگە لە چەند بابەتێکی تر، تاوتوێی وەڵامەکەی ئێرانمان کرد".

ئاماژەی بەوەش کرد دانوستاندن لەگەڵ ئێران "بەرپرسیارێتی منە نەک کەسی تر".


PM:12:24:11/05/2026


ئه‌م بابه‌ته 56 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت