هەڵوەشاندنەوەی هەزاران میلاکی خوێندن قەیرانی کەمیی مامۆستا لە قوتابخانە حکومییەکانی کابول قووڵتر دەکاتەوە


وێستگەنیوز-

بەڵگەنامەیەک دەست "ئەفغانستان ئینتەرناشناڵ" کەوتووە كه‌ لە وەزارەتی پەروەردەی سەر بە تالیبانەوە دەرچووە و ئەوە ئاشکرا دەکات قوتابخانە حکومییەکانی کابول، ڕووبەڕووی كه‌مبوونه‌وه‌یه‌كی گه‌وره‌ی مامۆستایانی ژن و پیاو بوونەتەوە.


ئەمە دوای هەڵوەشاندنەوەی زیاتر لە 6هەزار میلاکی خوێندن دێت، لە چوارچێوەی پلانی کەمکردنەوەی فەرمانبەران بۆ ئەم ساڵ.

بەپێی بەڵگەنامەکە کە نزیکەی دە ڕۆژ لەمەوبەر بۆ بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردەی کابول نێردراوە، وەزارەت پێشنیاری کردووە ژمارەی قوتابیان لە هەر پۆلێکدا بۆ 45 قوتابی زیاد بکرێت.

هەروەها کاتژمێرەکانی وانەگوتنەوەی هەفتانە، بۆ مامۆستایان، بۆ 23 کاتژمێر بەرز بکرێتەوە، ئەمەش بە مەبەستی قەرەبووکردنەوەی کەمیی کادیری فێرکاری.

بەڵگەنامەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، ئەو مامۆستا ژنانەی ناتوانن لە کاتی دیاریکراودا، بگەنە ئەو قوتابخانانەی لە ناوچە دوورەدەستەکانن، مامۆستای پیاو لە شوێنیان دادەمەزرێندرێت.

هەروەها ئه‌وه‌ ڕوونکراوەتەوە، له‌م ساڵدا، گواستنەوەی مامۆستایان لە نێوان قوتابخانەکاندا، بەبێ ڕەچاوکردنی شوێنی جوگرافی، ئەنجام دەدرێت؛ ئەم هەنگاوە نیگەرانیی لێکەوتووەتەوە، سەبارەت بە زیادبوونی فشارەکان لەسەر کادیری فێرکاری.

وەزارەتی پەروەردەی تالیبان پێشنیاری ئەوەشی کردووە، بۆ هەر دە پۆلێکی خوێندن، لە بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردەی کابول، فەرمانبەرێک بە گرێبەستی کاتی دابمەزرێت، بۆ هاوکاریکردن لە بەڕێوەبردنی کاروباری کارگێڕی و پەروەردەیی.

بەرپرسانی ژمارەیەک لە قوتابخانە حکومییەکانی کابول بە "ئەفغانستان ئینتەرناشناڵ"یان ڕاگەیاندووە، له‌ ئێستادا بەهۆی کەمیی مامۆستایان، قوتابخانەکان ڕووبەڕووی قەیرانێکی ڕاستەقینە بوونەتەوە و جەختیشیان له‌وه‌ کردووەتەوە ئەمە کاریگەریی نەرێنیی لەسەر کوالیتیی خوێندن و ئاستی زانستیی قوتابیان هەبووە.

تالیبان لە دوای گەڕانەوەی بۆ دەسەڵات، بە ئامانجی کەمکردنەوەی خەرجییەکان، سیاسەتی کەمکردنەوەی فەرمانبەرانی بە ڕێژەی 20٪ لە دامەزراوە مەدەنی و سەربازییەکاندا پەیڕەو کردووە.

له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌، سەرەڕای تێپەڕبوونی نزیکەی پێنج ساڵ بەسەر کۆنترۆڵکردنی دەسەڵات لەلایەن ئەو بزووتنەوەیەوە، مووچەی مامۆستایان دابەزینێکی بەرچاوی بەخۆوە بینیوە، ئه‌مه‌ جگە لە دواکەوتن له‌ دابەشکردنی.

لە بەرانبەردا، تالیبان سەرنجی زۆری خستووەتە سەر فراوانکردنی قوتابخانە ئایینییەکان (مەدرەسەکان)، بە جۆرێک ئامارە فەرمییەکانی وەزارەتی پەروەردەی سەر بە تالیبان، ئاماژە بە هەبوونی زیاد لە 21 هەزار قوتابخانەی ئایینی، لە ناوچە جیاجیاکانی ئەفغانستان دەکەن.

ئەمە لە کاتێکدایە سیستمی خوێندنی فەرمی لە وڵاتەکەدا، ڕووبەڕووی قەیرانێکی پەرەسەندوو بووەتەوە، له‌وانه‌ کەمیی مامۆستا، نه‌بوونی تواناكان، لاوازیی كارگێڕی پەروەردەیی.


PM:09:30:09/05/2026


ئه‌م بابه‌ته 264 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو