سوپای ئیسرائیل: 85 پێگەی حیزبوڵامان لە لوبنان بۆردومان کرد


وێستگەنیوز-

سوپای ئیسرائیل ئەمڕۆ شەممە، 9ـی ئایاری 2026، رایگەیاند؛ لە چوارچێوەی ئۆپراسیۆنە بەردەوامەکانیدا بۆ سەر خاکی لوبنان، 85 هێرشی ئاسمانی و زەمینییان بۆ سەر ئامانجەکانی حیزبوڵا ئەنجامداوە، کە کۆگای چەک و سەکۆی موشەکییان تێدابووە.

لە بەیاننامەیەکی فەرمیدا، سوپای ئیسرائیل ئاماژەی بەوە کردووە، "هێزەکانمان بەردەوامن لە ئۆپراسیۆنەکانیان بۆ لادانی ئەو هەڕەشانەی رووبەڕووی مەدەنییان و سەربازانی ئیسرائیل دەبنەوە لە باشووری لوبنان."

بە پێی بەیاننامەکە، لە ماوەی 24 کاتژمێری رابردوودا، ئەو 85 پێگەیەی کراونەتە ئامانج بریتین لە کۆگای چەک، سەکۆی هاویشتنی موشەک و چەندین دامەزراوەی سەربازی کە حیزبوڵا بۆ هێرشکردنە سەر ئیسرائیل بەکاریهێناون.

سوپای ئیسرائیل رایگەیاندووە؛ لە دەشتی "بیقاع" پێگەیەکی ژێر زەوییان پێکاوە کە حیزبوڵا بۆ دروستکردنی چەک و کەرەستەی جەنگی بەکاریهێناوە، بە ئامانجی زیان گەیاندن بە هێزەکانی ئیسرائیل.

لە بەشێکی دیکەی بەیاننامەکەدا هاتووە، سوپا توانیویەتی کۆمەڵێک لە چەکدارانی حیزبوڵا بکاتە ئامانج کە سەرقاڵی ئەنجامدانی هێرش بوون دژی سەربازانی ئیسرائیل لە باشووری لوبنان.

سەبارەت بە هێرشەکانی حیزبوڵا، سوپای ئیسرائیل ئاشکرای کرد، لە ماوەی شەو و رۆژی رابردوودا چەند موشەکێک ئاراستەی سەربازەکانیان لە باشووری لوبنان کراوە و موشەکەکان لە نزیک یەکێک لە سەربازەکان کەوتوونەتە خوارەوە، بەڵام هیچ زیانێکی گیانی لە ریزەکانی سوپای ئیسرائیلدا تۆمار نەکراوە.


PM:03:18:09/05/2026


ئه‌م بابه‌ته 72 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت