بەحرەین 41 کەسی سەر بە سوپای پاسداران دەستگیر کرد


وێستگەنیوز-

وەزارەتی ناوخۆی بەحرەین ئاشکراکردنی ڕێکخراوێکی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران و سیخوڕیکردن لەگەڵ لایەنە دەرەکییەکانی ڕاگەیاند.

ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌، 9ی ئایاری 2026، وەزارەتی ناوخۆ لە بەیاننامەیەکدا، ڕوونی کردەوە هێزە ئەمنییەکان 41 کەسیان لە چوارچێوەی ڕێکخراوی ناوبراودا دەستگیر کردووە.

لێسەندنەوەی ئەندامێتی لە 3 پەرلەمانتار

له‌م باره‌یه‌وه‌، ڕۆژی پێنج شەممەی رابردوو، ئەنجومەنی نوێنەرانی بەحرەین، ئەندامێتی سێ پەرلەمانتاری هەڵوەشاندەوە، ئەمە دوای ناڕەزایەتی دەربڕینیان بەرامبەر بە مەرسوومێکی تایبەت، بە کێشانەوەی ڕەگەزنامەی دەیان کەس، بەهۆی "پیاهەڵدان و بەرز نرخاندنی" هێرشەکانی ئێران.

پەرلەمانی ئه‌و وڵاته‌، لە بەیاننامەیەکدا ئاماژەی بەوە کردووه‌ "ڕاپۆرتی لیژنەی کاروباری یاسایی و تەشریعی، سەبارەت بە داواکاریی لێسەندنەوەی ئەندامێتی له‌و سێ په‌رله‌مانتاره‌، تاوتوێ کردووە و ئەنجومەنەکە به‌ كۆی ده‌نگی ئەندامانی ئامادەبوو، ڕەزامەندی لەسەر ڕاسپاردەی لیژنەکە نیشاندا، بۆ لێسەندنەوەی ئەندامێتی هەر یەکە لە عەبدولنەبی سەلمان ئەحمەد، مەمدوح عەباس ساڵح و مەهدی عەبدولعەزیز شوەیخ".

ئەم بڕیارە دوای ئەوە هات 37 پەرلەمانتار، داواکارییەکیان بۆ لێسەندنەوەی ئەندامێتی لەو سێ نوێنەرە، پێشکەش به‌ په‌رله‌مان كردبوو.

لەلایەکی تریشەوە، حەمەد بن عیسا ئال خەلیفە، پاشای بەحرەین، "ناڕه‌زایی و پێناخۆشبوونی خۆی دەربڕی، بۆ ئەوەی هەندێک لە یاسادانەران، لە ڕیزی ناپاكه‌كاندا وەستاون، لەبری ئەوەی ببنە قەڵغان بۆ نیشتمان و دەنگی حەق بن"، بەبێ ئەوەی ناویان بهێنێت.

پاشا جەختی لەوە کردەوە پێویستە ئەم یاسادانەرانە "یان داوای لێبووردنێکی ڕاشکاو لە گەلی بەحرەین بکەن، یانیش با بچنە پاڵ ئەوانەی کە هەڵیانبژاردووە و لەگه‌ڵ ئه‌واندابن، واتە ئەوانەی وڵاتیان جێهێشتووە و بە حوکمێکی دادوەریی دادپەروەرانە، بەهۆی خیانەتی گەورەوە، دەرکراون".

دەنگدانەکەی هەفتەی ڕابردوو، لەسەر مەرسوومەکە، ڕۆژێک دوای ئەوە هات بەحرەین ڕەگەزنامەی لە 69 کەس کێشایەوە، کە هەموویان بە ڕەچەڵەک بەحرەینی نەبوون.

وەزارەتی ناوخۆ لەو کاتەدا ڕوونی کردەوە ئەو کەسانە "هاوسۆزییان نیشان داوە و پیاهەڵدانیان بۆ کارە دوژمنکارییە تاوانکارییەکانی ئێران کردووە، یان سیخوڕییان بۆ لایەنی دەرەکی کردووە".

ئەمە وەک ئاماژەیەک بۆ ئەو هێرشانەی تاران، لە وەڵامی هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیلدا، بۆ چەند هەفتەیەک کردیە سەر چەند شوێنێکی وڵاتی به‌حره‌ین.


PM:02:16:09/05/2026


ئه‌م بابه‌ته 108 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت