نەتانیاهۆ: هیچ کەسێك پارێزراو نییە و ئەوەی هەڕەشەمان لێبکات باجەکەی دەدات


وێستگەنیوز-

ڕۆژێک دوای ڕاگەیاندنی بەئامانجگرتنی فەرماندەیەکی باڵای حیزبوڵا لە زاحیەی باشووری بەیروت، بنیامین نەتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل جەختی له‌وه‌ کردەوە "هیچ تیرۆریستێک پارێزراو نییە".

ئەمڕۆ پێنج شەممە، 7ی نیسانی 2026، نەتانیاهۆ لە لێدوانێکی ڤیدیۆییدا رایگه‌یاند: "ئێوارەی دوێنێ، فەرماندەی هێزی ڕەزوانی سەر بە حیزبوڵامان لە دڵی بەیروتدا له‌ناوبرد".

هەروەها ده‌ڵێت: "بە ڕوونی بە دوژمنەکانمان دەڵێم هیچ تیرۆریستێک پارێزراو نییە".

بەپێی هەواڵی ئاژانسی فرانس پرێس، نەتانیاهۆ لە کۆتاییدا جەختی له‌وه‌ کردووتەوە "هەر کەسێک هەڕەشە لە دەوڵەتی ئیسرائیل بکات، باجەکەی دەدات".

ئەم لێدوانانە دوای ئەوە دێت، سوپای ئیسرائیل پێشتر بە فەرمی ڕایگەیاند، لە ڕێگەی هێرشێکی وردەوە "مالیک بەلوت"، فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی هێزی ڕەزوان کە بە یەکەی نوخبەی حزبوڵا دادەنرێت، كوژراوه‌.

دوای هێرشەکەی ٧ی ئۆکتۆبەری 2023ی حەماس و تێوەگلانی حزبوڵا لە جەنگ دژی ئیسرائیل، هێزی ره‌زوان، لە کاتی جەنگی 2024دا سەری هەڵدا و له‌و كاته‌وه‌ گورزی کەمەرشکێنی بەرکەووه‌.

جێی وەبیرهێنانەوەیە، ئەم تیرۆرکردنە لەکاتێکدایە ڕێککەوتنی ئاگربەستە لەرزۆکەکەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا كه‌ لە 17ی نیسانی ڕابردوو رایگه‌یاند، هێشتا بەردەوامە.

بەڵام ئیسرائیل به‌رده‌وامه‌ له‌ هێرشەکانی بۆ سەر باشووری لوبنان، لە بەرانبەردا، حزبوڵا بەردەوام بووە لە هاویشتنی موشەک و درۆن بەرەو باکووری ئیسرائیل و ئەنجامدانی هێرش دژی هێزەکانی ئیسرائیل لە باشوور.

مانگی ڕابردوو واشنتۆن میوانداری دوو کۆبوونەوەی لە نێوان باڵیۆزانی ئیسرائیل و لوبنان لە ئەمریکا کرد، بە مەبەستی هاندانی هەردوو وڵات بەرەو دانوستان.

بەڵام جۆزێف عەون، سەرۆک کۆماری لوبنان و نەواف سەلام، سەرۆک وەزیران، ڕوونیان کردەوە مەبەست لە گفتوگۆکان ئاساییبوونەوەی پەیوەندییەکان نییە لەگەڵ لایەنی ئیسرائیل، بەڵکو بۆ چەسپاندنی ئاگربەست و کشانەوەی هێزەکانی ئیسرائیلە لە باشوور.

ئەمە لەکاتێکدایە حیزبوڵا دژایەتی خۆی بۆ هەر دانوستانێک لەگەڵ لایەنی ئیسرائیلی دەربڕیوە و له‌م باره‌یه‌وه‌، ڕەخنەی لە حکومەتی لوبنان گرتووە.


PM:06:00:07/05/2026


ئه‌م بابه‌ته 400 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت