عێراقچی داوا لە ئیمارات دەکات پەنا بۆ کردەوەی سەربازیی نەبات
وێستگەنیوز-
پاش ئەوەی دوێنێ ئێران بە 15 مووشەک هێرشی کردە سەر ئیمارات، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، لە پەیامێکی نوێدا داوای لە ئیمارات کرد کە پەنا بۆ «ڕێکاری سەربازی» دژی کۆماری ئیسلامی نەبات.
عێراقچی لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس ، وێڕای ئاماژەدان بەوەی کە پێیوایە بەرامبەر قەیرانی ئێستا "هیچ ڕێکارێکی سەربازی بوونی نییە"، نووسیویەتی، "لە کاتێکدا گفتوگۆکان بە هەوڵی پاکستان لە پێشکەوتندان، پێویستە ویلایەتە یەکگرتووەکان وریابێت تا لەلایەن بەدکارانەوە دووبارە ڕانەکێشرێتە ناو زۆنگاوەکان. ئیماراتیش دەبێت بە هەمان شێوە هۆشیار بێت."
پەیامەکەی عێراقچی لە کاتێکدایە کە دوێنێ دووشەممە وەزارەتی بەرگریی ئیمارات رایگەیاند، ئەمڕۆ سیستمی بەرگریی ئاسمانیی وڵاتەکەیان کەوتووەتە کار و توانیویانە 12 موشەکی بالیستی، سێ موشەکی کرووز و چوار درۆن تێکبشکێنن کە لە ئێرانەوە ئاراستە کرابوون.
هاوکات وەزارەتی دەرەوەی ئیمارات بە «تیرۆریستی» ناوبردنی ئەم هێرشانە، لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، هیچ هەڕەشەیەک دژی ئاسایش و سەروەریی ئیمارات قبوڵ ناکەن و هۆشداریشی دا کە «مافی تەواو و ڕەوای» وەڵامدانەوەی ئەم هێرشانەی بۆ خۆی پاراستووە.
بەگوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی بەرگریی ئیمارات، لە دەستپێکی جەنگەوە تاوەکو ئێستا 549 مووشەکی بالیستی تێکشکێنراون، 29 مووشەکی کرووز خراونەتە خوارەوە، 2,260 درۆن تێکشکێنراون. هەروەها لە ئەنجامی هێرشەکانی ئێران 10 کەس کوژراون و 227 کەسیش برینداربوون.
AM:08:41:05/05/2026
ئهم بابهته 576
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت