شەپۆلێکی تووڕەیی دژی بەرپرسێکی پهروهردهی میسر
ویستگەنیوز-
یەکێک لە قوتابخانەکانی
پارێزگای "بەنی سویف" لە باشووری میسر، بووە شانۆی ڕووداوێک کە دەنگدانەوە
و تووڕەییەکی زۆری لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لێکەوتووهتەوە، پاڵەوانی ڕووداوەکە
بریکاری وەزارەتی پەروەردەیە لەو پارێزگایە.
هۆکاری ئەم هەموو ناڕەزایەتییەش،
بۆ دەربڕینی چەند وشەیەکی گاڵتەجاڕانە و سووکایەتیکردن بە قوتابییەک دەگەڕێتەوە، تەنها لەبەر سادەیی ژەمە
خواردنەکەی.
وردەکاریی ڕووداوەکە بۆ
گەشتێکی مەیدانیی بریکاری وەزارەتی پهروهرده دەگەڕێتەوە، بۆ ناو قوتابخانەیەک لە
گوندی "نەزلە ئەلمەشارقە"، لەوێ ژهمه خواردنێك لە ناو مێزی یەکێک لە
قوتابییەکاندا دهبینێت کە پێکهاتووە لە "دوو نانی وشک و کیسەیەک پاقلە
(فول)، بۆ ئەوەی قوتابییهكه لە کاتی پشوودا بیخوات.
ژەمێکی ههرزان و خێزانێکی
سادە
بەپێی گێڕانەوەی شایەتحاڵەکان،
دەرکەوتووە قوتابییەکە سەر بە خێزانێکی هەژار و سادەیە و ڕۆژانە بۆ خەرجییەکانی، بڕە
پارەیەکی زۆر کەمی پێدەدرێت، هەر بۆیە ڕاهاتووە ژەمێکی سادە لەگەڵ خۆی ببات، بۆ ئەوەی
لە کاتی دەوامدا برسی نەبێت.
لە هەڵوێستێکی پڕ لە بێزاری
و تووڕەییدا، بریکاری وەزارەت داوای کردووە خواردنەکە لەبەردەم هاوپۆلەکانی قوتابییەکەدا
دەربهێنرێت و بە گاڵتەجاڕییەوە پێی وتووە: "ئەمە چۆن دەخۆیت؟ دیارە لە کاتی
پشوودا دادەنیشیت و نانەکەی تێدهگوشیت".
بهرپرسهكهی پهروهرده،
تەنها بەوهوه نەوەستاوە، بەڵکو بریکاری وەزارەت، فەرمانی داوە خواردنەکە دەستی بەسەردا
بگیرێت و سەرپەرشتیاری کۆمەڵایەتی قوتابخانەکەش ڕەوانەی لێکۆڵینەوە بکرێت، بەو تۆمەتەی
کە ڕێگەی داوە قوتابییەکە ئەو جۆرە خواردنە بباتە ناو قوتابخانە.
تێکچوونی باری دەروونی
قوتابییهكه
ئەم ڕەفتارەی بەرپرسەکە،
بووەتە هۆی ئهوهی باری دهروونی قوتابییهكه به شێوهیهكی زۆر خراپ تێكبچێت،
بە جۆرێک قوتابییهكه بە بارێکی دەروونیی زۆر ناخۆشەوە، گەڕاوەتەوە ماڵەوە و بە تەواوی
ڕەتی کردووەتەوە جارێکی دیکە بچێتەوە بۆ قوتابخانە، ئەمەش بەهۆی ئەو شەرمەزارییەی
کە لەبەردەم هاوڕێکانیدا تووشی بووە.
هەروەها ئەم ڕووداوە
بووەتە هۆی ناڕەزایەتییەکی توند لە لایەن خەڵکی ناوچەکە و بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان،
زۆر کەس پێیانوایە ڕەفتاری ئەم بەرپرسەی پهروهرده، دوورە لە مرۆڤایەتی و داوای
دوورخستنەوەی دەکەن لە پۆستەکەی، بەهۆی ڕێزنەگرتن لە باری گوزەرانی خێزانەکان و نەپاراستنی
کەرامەتی قوتابیان لە ناو دامەزراوە پەروەردەییەکاندا.
PM:03:36:04/05/2026
ئهم بابهته 108
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت