نێرگز محەمەدی براوه‌ی خەڵاتی نۆبڵ بۆ ئاشتی دوای گواستنەوەی لە زیندانه‌وه‌ بۆ نه‌خۆشخانه‌ بارودۆخی ته‌ندروستی له‌ مەترسیدایە


وێستگەنیوز-

دوێنێ یه‌كشه‌ممه‌ 3ی ئایاری 2026، دامەزراوەی نێرگز محەمەدی بڵاویکردەوە، چالاکوانی دەستبەسەرکراوی ئێرانی و هەڵگری خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی، لە یەکەی چاودێریی چڕی دڵ، لە باکووری ڕۆژئاوای ئێران ماوه‌ته‌وه‌.


وەک ئەوەی ئاژانسی «ڕۆیتەرز» بڵاویکردووەتەوە، ئه‌مه‌ دوای دوو ڕۆژ لە گواستنەوەی لە زیندانەوە بۆ نەخۆشخانە دێت و دامەزراوەکە لە بەیاننامەیەکدا، ئاماژەی بەوە کردووە، پەستانی خوێنی بە شێوەیەکی مەترسیدار و بەردەوام لە گۆڕاندایە و چارەسەرەکانیش تەنها سنووردار بوون و هه‌وڵه‌كانی چاره‌سه‌ركردن ته‌نها بریتی بووه‌ له‌ پێدانی ئۆکسجین.

نێرگز محەمەدی ڕۆژی هەینی، دوای ئه‌وه‌ی بارودۆخی ته‌ندروستی به‌ شێوه‌یه‌كی "خراپ تێكده‌چێت" لە زیندانەوە بۆ نەخۆشخانەیەک لە شاری زەنجان، لە باکووری ڕۆژئاوای وڵات گوازراوه‌ته‌وە.

له‌م باره‌یه‌وه‌، دامەزراوەکە ده‌ڵێت محەمەدی تووشی لەهۆشچوونی تەواو و جەڵتەیه‌كی تووندی دڵ بووە. هەروەها لە بەیاننامەکەی ڕۆژی یەکشەممەدا هاتووە: "بارودۆخی ته‌ندروستی نێرگز محەمەدی بە شێوەیەکی کاریگەر چارەسەر ناکرێت، مەگەر بگوازرێتەوە بۆ لای تیمە پزیشکییەکەی خۆی لە تاران".

ئاژانسی "ئەسۆشێتد پرێس"یش بڵاویکردەوە نێرگز محەمەدی دوو جار تووشی لەهۆشچوونی تەواو و جەڵتەی تووندی دڵ بووە.

پێشتر و لە ڕۆژی هەینیدا، محەمەدی دوو جار لە زیندانی زەنجان لە هۆش خۆی چووه‌، پارێزەرەکانی کە دوای چەند ڕۆژێک لە ڕووداوەکە سەردانیان کردبوو، پێیان وایە لە کۆتاییەکانی مانگی ئازاردا، تووشی جەڵتەی دڵ بووە. لەو کاتەدا ڕەنگی زەرد بووه‌، کێشی کەمی کردووه‌ و پێویستی بە پەرستارێک بووه‌، بۆ ئەوەی له‌ هاتاوچۆدا یارمەتی بدات.

دامەزراوەکە دەڵێت دوای دەستگیرکردنی لە 12ی کانوونی یەکەم و پاش 140 ڕۆژ لە پشتگوێخستنی پزیشکیی به‌ شێوه‌یه‌كی سیستماتیک، ئینجا گوازراوه‌ته‌وه‌ بۆ نه‌خۆشخانه‌.

هه‌روه‌ها ده‌ڵێت: "ئەم گواستنەوەیە وەک پێویستییەکی حەتمی، هه‌ر ده‌بوا ئه‌نجامبدرێت، ئه‌مه‌ دوای ئه‌وه‌ی پزیشکه‌كانی زیندان، بڕیاریانداوه‌ ناتوانرێت له‌ زیندان مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ بارودۆخی ته‌ندورستییه‌كه‌ی بكرێت، ئه‌مه‌ سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی راسپارده‌ پزیشكییه‌كان، جه‌ختیان له‌وه‌ كردووه‌ته‌وه‌ كه‌ ده‌بێت له‌سه‌ر ده‌ستی تیمه‌ پسپۆڕەکەی خۆی لە تاران چارەسەر بکرێت".

خێزانی نێرگز محەمەدی، چەند هەفتەیەک له‌مه‌وبه‌ر، داوای گواستنەوەیان دەکرد بۆ ناوەندە پزیشکییە گونجاوەکان. دامەزراوەکە لە زاری خێزانەکەیەوە باس له‌وه‌ ده‌كات گواستنەوەی له‌ ڕۆژی هەینی رابردوو، بۆ نەخۆشخانەیەک لە زەنجان، ڕێکارێکی «بێهیوایانە و لە ساتەکانی کۆتاییدا» بووە و ڕەنگە زۆر درەنگ بێت بۆ دابینکردنی پێداویستییە هەستیارەکانی.

حەمید ڕەزا محەمەدی، برای نێرگز کە له‌ ئۆسلۆی پایته‌ختی نه‌رویج داده‌نیشێت، لە پەیامێکی دەنگیدا کە دامەزراوەکە به‌هاوبه‌شی لەگەڵ ئاژانسی "ئەسۆشێتد پرێس"بڵاویانكردووه‌ته‌وه‌، ڕایگەیاندووە خێزانەکەی "بۆ مانەوەی ئەو لە ژیاندا دەجەنگن و خێزانەکەم لە ئێران، هەرچی لە توانایاندا هه‌بێت ئەنجامی دەدەن، بەڵام داواکاری گشتی لە زەنجان ڕێگری لە هەموو شتێک دەکات".

پارێزەرەکانی محەمەدی ڕایانگەیاندووە، نێرگز لە کاتی سەردانێکدا پێی وتوون، هاوڕێکانی لە زیندان لە 24ی ئازاردا، بە بێهۆشی دۆزیویانەتەوە. دوای پشکنینی لە کلینیکی زیندان، پزیشکێک پێی وتووە کە ڕەنگە تووشی جەڵتەی دڵ بووبێت.

لەو کاتەوە تووشی ئازاری سنگ و ناڕەحەتی لە هەناسەداندا بووە. شیرین ئەردەکانی، پارێزەری ئەو لە فەرەنسا، لەو کاتەدا ڕایگەیاند محەمەدی بێبەش کراوە لە گواستنەوە بۆ نەخۆشخانە یان بینینی پزیشکه‌ تایبه‌ته‌كه‌ی خۆی كه‌ پزیشكی دڵه‌ و بەرپرسێکی زیندانیش، بە درێژایی ئەو سەردانە کورتەی پارێزەرەکانی، ئامادەی كۆبونه‌وه‌كه‌ بووە.

نێرگز محەمەدی کە پارێزەری مافەکانی مرۆڤە و تەمەنی 53 ساڵە، لە ساڵی 2023دا کاتێک لە زیندان بوو، خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی بردەوە. لە مانگی کانوونی یەکەمدا لە کاتی سەردانێکیدا بۆ شاری مەشھەد لە ڕۆژهەڵاتی ئێران دەستگیرکرا و سزای 7 ساڵ زیندانیی بەسەردا سەپێندرا.

خێزانەکەی لە مانگی شوباتدا ڕایانگەیاند تەندروستی لە زینداندا تێکچووە، ئەوەش بەشێکی بەهۆی ئەو لێدانانەی کە لە کاتی دەستگیرکردنیدا لە مانگی کانوونی یەکەمدا بەریکەوتووە. خێزانەکەی باس له‌وه‌ ده‌كه‌ن چەند پیاوێک لێیان داوە و شەقەیان لە کەلەکە و سەر و ملی داوە.

لیژنەی نۆبڵیش لە بەیاننامەیەکدا لە مانگی شوباتدا "خراپی مامەڵەکردنی بەردەوام و هەڕەشە لەسەر ژیانی نێگز محەمەدی" ئیدانە کرد.

مستەفا نیلی، پارێزەری نێرگز لە سەکۆی «ئێکس» نووسیویەتی: "لە ڕۆژانی ڕابردوودا، پەستانی خوێنی تووشی هەڵبەز و دابەزی توند بووە، لە نێوان زۆر بەرز و زۆر نزمدا، ئەمڕۆش لەپڕ بەهۆی دابەزینی کتوپڕی پەستانی خوێنەوە لە هۆش خۆی چووە".

لە سەرەتادا پزیشکی زیندان دەرزی دەرمانی لێداوە، بەڵام ئەو گواستنەوەی بۆ نەخۆشخانە ڕەتکردووەتەوە و داوای بینینی پزیشکه‌ تایبه‌ته‌كه‌ی خۆی كردووه‌ كه‌ پزیشكی دڵه‌.

پاشان چەند کاتژمێرێک دواتر، محەمەدی دووبارە لە هۆش خۆی چووە؛ پارێزەرەکەی دەڵێت ئەمجارەیان پزیشکێکی دەمار فەرمانی داوە دەستبەجێ بگوازرێتەوە بۆ نەخۆشخانە.

محەمەدی بە پەلە گوازراوه‌ته‌وە بۆ نەخۆشخانە و خراوه‌ته‌ یەکەی چاودێریی دڵ، بەڵام وەک نیلی نووسیویەتی "پەستانی خوێنی هێشتا بە توندی هەڵبەز و دابەز دەکات".

ئاماژەی بەوەش کردووە بەرپرسێکی پزیشکی لە زەنجان، پێشنیازی کردووە جێبەجێکردنی سزاکەی، بۆ ماوەی مانگێک ڕابگیرێت تا چارەسەر وەردەگرێت، بەڵام داواکاری گشتیی زەنجان بابەتەکەی بۆ هاوتاکەی لە تاران ناردووە.
پێش دەستگیرکردنی لە 12ی کانوونی یەکەم، محەمەدی سزای 13 ساڵ و 9 مانگ زیندانیی بەسەردا سەپێندرا بوو، بە تۆمەتی پیلانگێڕی دژی ئاسایشی دەوڵەت و پڕوپاگەندە دژی حکومەت، بەڵام لە کۆتاییەکانی ساڵی 2024ەوە، بەهۆی نیگەرانیی تەندروستییەوە لە مۆڵەتدا بوو.

لەو ماوەیەی لە مۆڵەتدا بوو، نێرگز محەمەدی لە ڕێگەی ناڕەزایەتییە گشتییەکان و دەرکەوتن لە میدیا نێودەوڵەتییەکاندا، بەردەوام بوو لە چالاکییەکانی، لەوانەش خۆپیشاندان لەبەردەم زیندانی ناوداری ئەوین لە تاران کە تێیدا دەستبەسەر بوو.

لە مانگی شوباتدا دادگایەکی شۆڕش لە مەشھەد سزای 7 ساڵ زیندانیی تری بەسەردا سەپاند. بەزۆری ئەم جۆرە دادگایانە سزایەک دەردەکەن کە دەرفەتی تانەلێدان، لە تۆمەتەکان بۆ تۆمەتباران، زۆر کەمە یان هەر نییە. لایەنگرانی محەمەدی دەڵێن ئەو لە کاتی زیندانیکردنیدا، پێش ئەوەی لە ساڵی 2023 نەشتەرگەرییەکی بەپەلەی بۆ بکرێت، چەند جارێک تووشی جەڵتەی دڵ بووە.

لە ساڵی 2023دا، محەمەدی بوو بە پێنجەمین کەس له‌كاتی زیندانیكردندا، خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی پێ ببخشرێت، ئەمەش دەنگی ئەوی بەهێزتر کرد بۆ پشتگیریکردن لەو ناڕەزایەتییە فراوانانەی کە ئێرانی گرتەوە، دوای گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی لە ساڵی پێشتردا، بەهۆی دەستگیرکردنی لەلایەن پۆلیسی ئادابه‌وه‌.

هەڵبژاردنی ئەو بۆ وه‌رگرتنی خه‌ڵاتی نۆبڵی ئاشتی، تووڕەیی دەسەڵاتدارانی ئێرانی لێکەوتەوە و دەزگای دادوەری ماوەی زیندانیکردنەکەی درێژکردەوە، دواتر لە ناو زیندانی ئەوین، لەلایەن پاسەوانەکانەوە، لەگەڵ زیندانیانی تری ناڕازی، هێرشی کرایە سەر.

سەرەڕای ئەوەش، محەمەدی هەر بە سەرسەختی مایەوە و تەنانەت داوای بایکۆتکردنی هەڵبژاردنەکانی 2024ی کرد کە تێیدا مەسعوود پزیشکیان سەرکەوت و جەختی لەوە کردەوە حکومەتی ئێران، ڕۆژێک لە ڕۆژان بەهۆی فشاری جەماوەرییەوە دەگۆڕێت.


AM:10:23:04/05/2026


ئه‌م بابه‌ته 84 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت