خالید مەشعەل بە سەرۆکی نوێی حەماس هەڵبژێردرا


وێستگەنیوز-

رۆژنامەیەکی نزیک لە حیزبوڵای لوبنان هەواڵی هەڵبژاردنی خالید مەشعەلی وەک سەرۆکی نوێی بزووتنەوەی حەماس بڵاوکردەوە.

بە پێی هەواڵی رۆژنامەی ئەخباری لوبنانی، ئەندامانی بزووتنەوەی حەماس لە کەرتی غەززە پرۆسەی دەنگدانیان لە هەڵبژاردنە ناوخۆییەکاندا کۆتایی پێ هێناوە و خالید مەشعەلیان وەک سەرۆکی ئەم گرووپە هەڵبژاردووە.

مەشعەل تا ئێستا وەک سەرۆکی مەکتەبی سیاسی حەماس ناسراوە.

بەپێی ڕاپۆرتی ئەم ڕۆژنامەیە کە لە حیزبوڵاوە نزیکە، خەلیل ئەلحەییە وەک ڕێبەری حەماس لە غەززە و زاهیر جەبارینیش وەک سەرۆکی ئەم گرووپە لە کەناری ڕۆژاوا هەڵبژێردراون.

دوای کوژرانی یەحیا سێنوار و ساڵح ئەلعاروری لەلایەن ئیسرائیلەوە، ئەلحەییە و جەبارین بەبێ ئەنجامدانی هەڵبژاردن لەم پۆستانەدا کاریان دەکرد.

لەگەڵ ئەوەشدا، رۆژنامەکە ئاماژەی بەوە کردووە کە ئەنجامی ئەم هەڵبژاردنانە تەنیا ئەنجامی دەنگدانی ناو غەززەیە و ئاماژە بەوە نەکراوە کە ئایا دەنگدان لە ناوچەکانی دیکە، واتە کەنارەکانی رۆژئاوا و دەرەوەی خاکە فەڵەستینییەکان، ئەنجام دراوە یان نا.

حەماس کە لەلایەن ئەمریکا و ئیسرائیلەوە وەک گروپێکی تیرۆریستی ناسێنراوە، تا ئێستا هیچ بەیاننامەیەکی فەرمی لەم بارەیەوە بڵاونەکردووەتەوە.


AM:10:02:04/05/2026


ئه‌م بابه‌ته 380 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت