بە بەشداری زیاتر لە 100 فڕۆکەی جەنگی "پڕۆژەی ئازادی" دەستیپێکرد


وێستگەنیوز-

سێنتکۆم رایگەیاند بە بەشداری زیاتر لە 100فڕۆکە و هەزاران سەربازی ئەمریکی "پرۆژەی ئازادی" لە گەرووی هورمز دەستی پێکرد.

سوپای ئەمریکا رایگەیاند؛ دەستیکرد بە پشتگیریکردنی ئەو ئۆپەراسیۆنەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە گەرووی هورمز رایگەیاند، ئەمەش بە هێزێک کە زیاتر لە 100 فڕۆکە و هەزاران سەرباز لەخۆدەگرێت.

فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکۆم) ئاماژەی بەوە کردووە، هێزەکانیان بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە، 4ـی ئایاری 2026، بەکاتی رۆژهەلاتی ناوەڕاست دەستیکردووە بە پشتگیریکردنی "پڕۆژەی ئازادی" ئامانج لێی گەڕاندنەوەی ئازادی هاتوچۆی کەشتییە بازرگانییەکانە لە گەرووی هورمز. راشیگەیاندووە؛ ئەم ئەرکە پشتگیری ئەو کەشتییە بازرگانییانە دەکات کە دەیانەوێت بە شێوەیەکی ئازاد لەم رێڕەوە نێودەوڵەتییە گرنگە تێپەڕن.

براد کوپەر، فەرماندەی سێنتکۆم رایگەیاند: "پشتگیریکردنمان بۆ ئەم ئەرکە بەرگرییە بۆ ئاسایشی ناوچەیی و ئابووریی جیهانی پێویستە، لە هەمان کاتدا گەمارۆی دەریایی سەر بەندەرەکانی ئێران دەپارێزین کە واشنتن چەند هەفتەیەکە سەپاندوویەتی."

دوێنێ یەکشەممە، 3ـی ئایاری 2026، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند ئەمڕۆ دووشەممە "پرۆژەی ئازادی" دەست پێ دەکات، کە هاوکاریکردنی ئەو کەشتیانەیە کە لە گەرووی هورمزدا گیریان خواردووە. وتیشی: ئەگەر بەربەست لەبەردەم ئۆپەراسیۆنی پرۆژەی ئازادی دروست بکرێت، بە توندی وەڵام دەدەینەوە.

لە یەکەم کاردانەوەی ئێرانیشدا، ئیبراهیم عەزیزی، سەرۆکی لیژنەی ئاسایشی نیشتمانی و سیاسەتی دەرەوە لە ئەنجوومەنی شورای ئێران رایگەیاند: "هەر دەستوەردانێکی ئەمریکا لە سیستەمی دەریایی نوێی گەرووی هورمز، وەک پێشێلکردنی ئاگربەست هەژمار دەکرێت."


AM:08:43:04/05/2026


ئه‌م بابه‌ته 896 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت