ئێران: تاووتوێی وه‌ڵامی ئه‌مریكا بۆ پێشنیازه 14 خاڵيیهكهمان ده‌كه‌ین
وێستگه‌نیوز –
ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه ئێران رایگه‌یاند كه ئه‌مریكا له رێگه‌ی پاكستانه‌وه وه‌ڵامی پێشنیازه 14 خاڵییه‌كه‌ی داوه‌ته‌وه، وتاووتوێی پێداچوونه‌وه به‌و وه‌ڵامه‌دا ده‌كه‌ن.
میدیای فه‌رمیی ئێران له زاری وته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئێرانه‌وه بڵاویكرده‌وه، "له‌م قۆناغه‌دا هیچ دانوستانێكی ئه‌تۆمی له ئارادا نییه".
ورده‌كارییه‌كانی پێشنیازه‌كه
رۆژی شه‌ممه‌ی ڕابردوو، میدیاكانی ئێران ورده‌كاریی ئه‌و پێشنیازه 14 خاڵییه‌یان ئاشكرا كرد كه ئێران بۆ كۆتاییهێنان به شه‌ڕه‌كه پێشكه‌شی ئه‌مریكای كرد.
ئاژانسی ته‌سنیمی ئێرانی بڵاویكرده‌وه، ئه‌و پێشنیازه له 14 خاڵ پێكهاتووه و داوای كۆتاییهێنانی هه‌میشه‌یی به "كاری دوژمنایه‌تی" و كشانه‌وه‌ی ته‌واوه‌تی هێزه‌كانی ئه‌مریكا له ناوچه‌كه ده‌كات.
ئاژانسه‌كه رایگه‌یاندووه كه پلانه‌كه له رێگه‌ی ناوه‌نده پاكستانییهكانهوه له وه‌ڵامی پێشنیازێكی 9 خاڵیی ئه‌مریكادا پێشكه‌ش كراوه.
ئاژانسی هه‌واڵی ته‌سنیم ئاماژه‌ی به‌وه‌داوه كه له كاتێكدا پێشنیازه‌كه‌ی واشنتۆن داوای ئاگربه‌ستی دوو مانگه ده‌كات، تاران فشارده‌كات بۆ خشته‌یه‌كی زه‌مه‌نی كه ماوه‌كه‌ی 30 ڕۆژ بێت بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه سه‌ره‌كییه‌كان و پێداگری له‌سه‌ر ئه‌وه ده‌كات كه دانوستانه‌كان له‌سه‌ر "كۆتاییهێنان به شه‌ڕ" چڕبكرێنه‌وه نه‌ك ئاگربه‌ستێكی كاتی.
داواكارییه‌كانی ئێران بریتین له كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانی ئه‌مریكا له ناوچه‌كانی نزیك سنووره‌كانی و گه‌ره‌نتیكردنی ده‌ستدرێژی نه‌كردن، له‌گه‌ڵ ڕێوشوێنه ئابوورییه‌كانی وه‌ك هه‌ڵگرتنی گه‌مارۆی ده‌ریایی، ئازادكردنی سه‌روه‌ت و سامانی بلۆككراوی ئێران، سووككردنی سزاكان و پێدانی قه‌ره‌بوو.
هه‌روه‌ها له پێشنیازه‌كه‌دا داوای كۆتاییهێنان به شه‌ڕ و پێكدادانه‌كان له چه‌ندین به‌ره‌دا ده‌كرێت، له‌وانه‌ش له لوبنان و دانانی میكانیزمێكی نوێی حوكمڕانی بۆ گه‌رووی هورمز.
به وته‌ی به‌رپرسێكی باڵای ئێران، پێشنیازی تاران كه تا ئێستا دۆناڵد تره‌مپ سه‌رۆكی ئه‌مریكا ڕه‌تیكردۆته‌وه، مه‌رجی كردنه‌وه‌ی گه‌رووی هورمز به‌ڕووی كه‌شتیوانی و كۆتاییهێنان به گه‌مارۆی ده‌ریایی ئه‌مریكا بۆ سه‌ر ئێران، هاوكات دواخستنی دانوستانه‌كانی به‌رنامه‌ی ئه‌تۆمی ئێران بۆ قۆناغێكی دواتر له‌خۆده‌گرێت.
PM:11:41:03/05/2026
ئه‌م بابه‌ته 140
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت