ئینته‌رنێت به نۆره.. دیمه‌نێكی دیكه‌ی نه‌هامه‌تی ئێرانییه‌كان
وێستگه‌نیوز -
عه‌لی ڕه‌زا ئیستیقامه‌تی، سه‌رۆكی زانكۆی تاران بۆ زانسته پزیشكییه‌كان له ئێران ڕایگه‌یاند، ئه‌ندامانی ده‌سته‌ی وانه‌بێژان، ناچارن به‌پێی سیستمی "نۆره‌گری" ئینته‌رنێت به‌كاربهێنن، تاوه‌كو بتوانن ده‌ستیان به خزمه‌تگوزارییه‌كه بگات.
ئه‌م دۆخه نه‌ك هه‌ر توندیی چاودێریی ده‌سه‌ڵاتداران و گوشاره‌كان بۆ سه‌ر به‌كارهێنه‌رانی په‌یوه‌ندییه‌كان ده‌رده‌خات، به‌ڵكو ڕه‌نگدانه‌وه‌ی لایه‌نێكی دیكه‌ی نه‌هامه‌تی و سه‌ختیی ژیانه له ناو كۆماری ئیسلامی‌دا.
هه‌مو ئه‌وه، له سایه‌ی ئه‌و قه‌یرانه قووڵه‌یه وڵاته‌كه‌ی گرتووه‌ته‌وه كه به‌ده‌ست سزای تونده‌وه ده‌ناڵێنێت و دۆخه‌كه، دوای هه‌ڵگیرسانی جه‌نگ له له‌لایه‌ن ئیسرائیل و ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكاوه دژ به ئێران، خراپتر بووه.
له چوارچێوه‌ی ئه‌و جه‌نگه‌دا، ئه‌مریكا گه‌مارۆیه‌كی ده‌ریایی توندی خستووه‌ته سه‌ر ئێران، گه‌مارۆیه‌ك بووه‌ته هۆی په‌كخستنی دابینكردنی كاڵا و پێداویستییه سه‌ره‌كییه‌كان و ڕاگرتنی هه‌نارده‌ی نه‌وت، ئه‌مه‌ش ئه‌گه‌ر درێژه بكێشێت، سه‌رچاوه‌كانی دراوی بیانی وشك ده‌كات.
ئیستیقامه‌تی بۆ ئاژانسی هه‌واڵی خوێندكارانی ئێران (ئیسنا) ڕوونی كرده‌وه، له ناو زانكۆی تاران، چه‌ند خاڵێكی دیاریكراو بۆ دابینكردنی ئینته‌رنێت ئاماده كراون. به‌ڵام ئه‌كادیمییه‌كان ناچارن له سه‌ره‌دا بوه‌ستن و به نۆره ئینته‌رنێت به‌كاربهێنن.
ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، كاتێك زانكۆ جێده‌هێڵن، به‌هۆی نه‌بوونی هێڵی ئینته‌رنێت له ده‌ره‌وه‌ی زانكۆ، تووشی كێشه‌ی گه‌وره ده‌بن، به‌تایبه‌ت له كاته‌كانی شه‌ودا، ئه‌مه‌ش به‌ربه‌ستی گه‌وره‌ی بۆ چالاكییه زانستییه‌كان دروست كردووه.
پچڕانی ئینته‌رنێت بۆ یه‌كه‌مجار كاتێك ده‌ستی پێكرد كه ده‌سه‌ڵاتدارانی ئێران، بۆ ماوه‌ی زیاتر له مانگێك، ده‌ستیان به‌سه‌ر تۆڕی جیهانیی ئینته‌رنێتدا گرت، ئه‌وه‌ش دوای سه‌رهه‌ڵدانی شه‌پۆلێكی ناڕه‌زایه‌تی له 28ی كانوونی یه‌كه‌می 2025 دابوو، ئه‌م شه‌پۆلی ناڕه‌زایه‌تییه، به‌هۆی قه‌یرانی ئابوورییه‌وه ده‌ستی پێكرد و دواتر گۆڕا بۆ خۆپیشاندانی سیاسی دژ به ڕژێم.
سه‌تار هاشمی، وه‌زیری په‌یوه‌ندییه‌كان و ته‌كنه‌لۆژیای زانیاری له 26ی كانوونی دووه‌می ڕابردوو، ئاشكرای كرد ئه‌م پچڕانه، ڕۆژانه نزیكه‌ی 34.5 ملیۆن دۆلار زیانی له ئابووریی ئێران داوه.
گوشاره‌كان بۆ سه‌ر ئینته‌رنێت له دوای ده‌ستپێكردنی هێرشه‌كانی ئه‌مریكا و ئیسرائیل بۆ سه‌ر ئێران له 28ی شوباتی ڕابردوو توندتر بوونه‌ته‌وه؛ ڕاپۆرته‌كان ئاماژه به‌وه ده‌كه‌ن پچڕانی ئینته‌رنێتی نێوده‌وڵه‌تی له وڵاته‌كه‌دا، بۆ ماوه‌ی 60 ڕۆژی له‌سه‌ریه‌ك به‌رده‌وامه.
له‌گه‌ڵ توندبوونی ئه‌م كۆتوبه‌ندانه‌دا، حكومه‌ت په‌نای بردۆته به‌ر جێبه‌جێكردنی سیستمێك كه به "سیمكارتی سپی" ناسراوه؛ ئه‌م خزمه‌تگوزارییه ڕێگه به ده‌ستگه‌یشتن به ئینته‌رنێتی جیهانی ده‌دات، به‌ڵام ته‌نها بۆ دیپلۆماتكاران، نێرده بیانییه‌كان، سیاسییه‌كان و هه‌ندێك له میدیاكاران و هونه‌رمه‌ندان دابین كراوه.
وه‌لێ ئه‌م ڕێكاره ڕووبه‌ڕووی تۆمه‌تی بوونی "بازاڕی ڕه‌ش" بووه‌ته‌وه، كه تێیدا ئه‌م تایبه‌تمه‌ندییه به قاچاخ و له به‌رانبه‌ر بڕه پاره‌یه‌كی خه‌یاڵیدا، به كه‌سانی دیكه ده‌فرۆشرێته‌وه.
له راستیدا كۆی به‌كارهێنه‌رانی ئینته‌رنێت له ئێران، بۆ گه‌یشتن به تۆڕه‌كانی ئینته‌رنێت، رووبه‌ڕووی گرفتی زۆر قورس بوونه‌ته‌وه، هه‌ر بۆیه به ناچاری و به شێوه‌یه‌كی ته‌واو، پشت به به‌رنامه‌كانی شكاندنی فلته‌ر (VPN) ده‌به‌ستن، تاكو بتوانن ده‌ستیان به ئینته‌رنێت بگات.
PM:11:26:03/05/2026
ئه‌م بابه‌ته 192
جار خوێنراوه‌ته‌وه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت