موجتەبا خامنەیی: ئێران بە تەواوی تواناکانییەوە پاسەوانی لە سنوورەکانی دەکات
وێستگەنیوز-
موجتەبا خامنەیی، رێبەری باڵای ئێران لە پەیامێکدا بەبۆنەی "ڕۆژی نیشتمانیی کەنداوی فارس" لە ئێران، جەخت دەکاتەوە کە ئێران بە تەواوی تواناکانییەوە، لەوانە تەکنەلۆژیای ناوکی و موشەکی، پاسەوانی لە سنوورەکانی دەکات.
لە پەیامەکەدا هاتووە کە دوای تێپەڕبوونی دوو مانگ بەسەر ئەوەی بە "گەورەترین لەشکرکێشی و دەستدرێژی زۆردارانی جیهان" وەسف کراوە، ئێستا وەرزێکی نوێ لە کەنداوی فارس و تەنگەی هورمز دەستی پێکردووە کە تێیدا ئەمریکا تووشی شکستێکی "شەرمەزارانە" بووە.
لە پەیامەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە داهاتووی ناوچەکە "داهاتوویەکی بێ ئەمریکا" دەبێت و بنکە سەربازییەکانی ئەو وڵاتە توانای پاراستنی ئاسایشی خۆیشیان نییە.
خامنەیی لە پەیامەکەیدا باس لە چەسپاندنی بەڕێوەبردنی نوێی تەنگەی هورمز دەکات، بە ئامانجی کۆتاییهێنان بەو بابەتەی کە ئەو بە خراپ بەکارهێنانی تەنگەی هورمز لەلایەن "دوژمنی شەڕخواز" ناوی بردووە.
موجتەبا خامنەیی جەخت دەکاتەوە کە ئەم سەرکەوتنانەی لە تەنگەی هورمز بەدەستیان هێناوە دەستپێکی سیستمێکی نوێی ناوچەیی و جیهانییە کە لە سایەی "ستراتیژی ئێرانی بەهێز" بەدی هاتووە.
رێبەری ئێران لەبارەی پەیوەندییەکانی وڵاتەکەی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ لە پەیامەکەیدا بانگەوازێک بۆ وڵاتانی دراوسێ لە کەنداو و دەریای عومان بڵاودەکاتەوە و دەڵێت: "هەموو ئەو وڵاتانە چارەنووسمان بەیەکەوە بەستراوەتەوە و بێگانەکان جێگەیان لە ناوچەکەدا نابێتەوە".
موجتەبا خامنەیی لە کۆتایی پەیامەکەیدا ئاماژەی بەوە کردووە کە ئێران بە تەواوی تواناکانییەوە، لەوانە تەکنەلۆژیای ناوکی و مووشەکی، پاسەوانی لە سنوورەکانی دەکات و بەڕێوەبردنی نوێی گەرووی هورمز لە بەرژەوەندی پێشکەوتنی هەموو نەتەوەکانی ناوچەکەدا دەبێت.
موجتەبا خامنەیی لە دوای دەستپێکردنی هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل لە دوو مانگ لەمەوبەرەوە و دوای دەستنیشانکردنی وەک ڕێبەری کۆماری ئیسلامی، لە شوێنە گشتییەکاندا دەرنەکەوتووە و لەو کاتەوە هیچ گرتە ڤیدیۆیی و وێنەیەکی نوێی بڵاونەکراوەتەوە.
لەو ماوەیەدا، چەندین پەیامی نووسراو بە ناوی موجتەبا خامنەیی، لە میدیاکانی ئێرانەوە بڵاوکراونەتەوە.
PM:02:32:30/04/2026
ئهم بابهته 220
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت