پزیشکیان: گەمارۆی دەریایی مەحکوومە بە شکست


وێستگەنیوز-

مەسعود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئێران، رۆژی پێنجشەممە
30ی نیسان ڕایگەیاند کە گەمارۆی دەریایی بەندەرەکانی ئێران لەلایەن ئەمریکاوە پێچەوانەی بەرژەوەندییەکانی وڵاتانی ناوچەکەیە و توشی شکست دەبێت
.

پزیشکیان لە پەیامێکی نووسراودا کە لەلایەن وتەبێژی حکومەتەکەی، فاتیمە مهاجرانی، لە کۆبوونەوەی "ڕۆژی نیشتمانیی کەنداوی فارس" خوێندرایەوە، وتی: ئاسایشی کەنداو "تەنیا لەژێر سایەی هاوکاریی بەکۆمەڵ و ڕێزگرتنی دوولایەنە لە سەروەریی وڵاتانی کەناراوەکانیدا واتای دەبێت".

ناوبراو لە درێژەدا جەختی کردەوە، "هەر هەوڵێک بۆ سەپاندنی گەمارۆ و سنووردارکردنی دەریایی، پێچەوانەی یاسا نێودەوڵەتییەکانە و دژی بەرژەوەندیی گەلانی ناوچەکە و ئاشتی و سەقامگیریی جیهانییە و مەحکوومە بە شکست".

سوپای ئەمریکا لە 24ی نیسانەوە، دوای ئەوەی دانوستانەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا لە ئیسلام ئاباد گەیشتە بنبەست، بە فەرمانی دۆناڵد ترامپ دەستی بە گەمارۆی دەریایی ئێران کرد. لە بەرامبەردا، ئێران کە لە سەرەتای جەنگەکەوە لە 28ی شوباتی 2026 گەرووی هورمزی داخستبوو، هێشتا بە توندی کۆنترۆڵی ئەو گەرووە دەکات.

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆک کۆماری ئەمریکا، لە نوێترین لێدوانیدا شەوی چوارشەممە رایگەیاند کە بەنیازی بەردەوامبوونی گەمارۆی دەریایی ئێرانە تا ئەو کاتەی حکومەتی تاران ڕازی دەبێت بە ڕێککەوتنێک بۆ ڕەواندنەوەی نیگەرانییەکانی ئەمریکا سەبارەت بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی.

نرخی جیهانیی نەوتی خاو، دوای ئەم لێدوانەی سەرۆک کۆماری ئەمریکا، بازدانێکی کەم وێنەی بەخۆوە بینی و گەیشتە 126 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک.


AM:11:44:30/04/2026


ئه‌م بابه‌ته 76 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت