کۆمیساریای باڵای مافەکانی مرۆڤ داوای راگرتنی لەسێدارەدان لە ئێران دەکات


وێستگەنیوز-

کۆمیساریای مافەکانی مرۆڤی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان داوای ڕاگرتنی لەسێدارەدانی نەیاران لەلایەن حکومەتی ئێرانەوە دەکات.

ڤۆڵکەر تورک، کۆمیسەری باڵای مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان، نیگەرانیی خۆی بەرامبەر بە سەرکوتکردنی نەیاران لەلایەن حکومەتی ئێرانەوە دەربڕی، بەتایبەتی لە ڕێگەی بەکارهێنانی تۆمەتەکانی پەیوەست بە ئاسایشی نەتەوەیی.

تورک ڕایگەیاندووە کە "مافەکانی گەلی ئێران هێشتا لەلایەن حکومەتەوە بە شێوازێکی توندوتیژانە و دڕندانە پێشێل دەکرێن." بە وتەی ئەو، "لە کاتی جەنگدا، پێشێلکاری و هەڕەشەکان بۆ سەر مافەکانی مرۆڤ بە شێوەیەکی بەرچاو زیادیان کردووە."

کۆمیسەری باڵای مافەکانی مرۆڤ لە درێژەی قسەکانیدا وتی: "داوا لە بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی دەکەم کە هەموو لەسێدارەدانەکان رابگرن و سزای لەسێدارەدان هەڵپەسێرن، هەروەها گەرەنتیی تەواوی پرۆسەی دادگایی دادپەروەرانە بکەن و دەستبەجێ ئەو کەسانە ئازاد بکەن کە بە شێوەیەکی سەرەڕۆیانە دەستگیرکراون."

بەپێی زانیارییەکانی ئەم دامەزراوەی مافەکانی مرۆڤ، لەم دواییانەدا "لانیکەم ٢١ کەس لەئێران لەسێدارەدراون و هەزاران کەسی دیکەش دەستگیرکراون."

کۆمیساریای باڵای مافەکانی مرۆڤ روونی کردووەتەوە کە "لە دوای دەستپێکردنی هێرشە هاوبەش و وێرانکەرەکانی ئیسرائیل و ئەمریکا بۆ سەر ئێران" لە دوو مانگی ڕابردوودا، لانیکەم ٩ کەس لە پەیوەندی لەگەڵ ناڕەزایەتییەکانی کانوونی دووەمی ٢٠٢٦، هەروەها ١٠ کەس بە تۆمەتی ئەندامبوون لە گروپە نەیارەکان و دوو کەسیش بە تۆمەتی سیخوڕی لەسێدارەدراون.


AM:11:36:30/04/2026


ئه‌م بابه‌ته 72 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت