سوپای ئیسرائیل فەرمانی چۆڵکردنی 7 شارۆچکەی لە باشووری لوبنان دەرکرد


وێستگەنیوز-

سوپای ئیسرائیل پێش ئەنجامدانی هێرشی ئاسمانی بۆ سەر حیزبوڵا، ئاگادارکردنەوەی چۆڵکردنی 7 شارۆچکەیەکی لوبنانی لە باکووری ناوچەی ئەمنیی باشووری لوبنان دەرکرد.

ئەفیخای ئەدرەعی، وتەبێژی سوپا، لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی (ئێکس) نووسیویەتی، "بەهۆی پێشێلکردنی ڕێککەوتنی ئاگربەست لەلایەن ڕێکخراوی تیرۆریستی حیزبوڵا، سوپای ئیسرائیل ناچارە بە هێزەوە لە دژی بجوڵێتەوە".

ناوبراو هەروەها نووسیویەتی کە فەرمان بە هاوڵاتییانی مەدەنی لە ناوچەکانی (مەیفەدۆن، شوکین، یوحمەر، ئەرنوون، زەوتەر ئەلشەرقییە و کەفەر تەبنیت) کراوە کە ماڵەکانیان چۆڵ بکەن و لانیکەم یەک کیلۆمەتر لەو ناوچەیەی لەسەر نەخشەی سوپای ئیسرائیل دیاریکراوە، دوور بکەونەوە.

دوێنێ نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ڕایگەیاند کە نەتانیاهو "فەرمانی بە سوپای ئیسرائیل کردووە هێرشی قورس بکەنە سەر ئامانجەکانی حیزبوڵا لە لوبنان." ئیسرائیل، حیزبوڵای لوبنان بە "پێشێلکردنی بەردەوامی ئاگربەست" و هاویشتنی موشەک و درۆن بەرەو پێگەکانی ئیسرائیل تۆمەتبار دەکات.

ئەم پەرەسەندنانە لەکاتێکدایە کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکک ۆماری ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، ڕۆژی پێنجشەممە دوای میوانداریکردنی بەرپرسانی ئیسرائیل و لوبنان لە کۆشکی سپی، درێژکردنەوەی ئاگربەستی بۆ ماوەی سێ هەفتە ڕاگەیاندبوو.


PM:02:13:26/04/2026


ئه‌م بابه‌ته 88 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت