ئەو کەسە کێ بوو کە تەقەی لە ترەمپ کرد؟


وێستگەنیوز-

ئەمڕۆ یەک شەممە، 26ی نیسانی 2026، زانیارییە سەرەتاییەکان ئاماژە بەوە دەکەن ئەو گومانلێکراوەی لە کاتی ئاهەنگی نانی ئێوارەی پەیامنێرانی کۆشکی سپیدا تەقەی کردووە و دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا تێیدا ئامادە بووە، ناوی (کۆڵ تۆماس ئەلین)ە و تەمەنی ٣١ ساڵە و خەڵکی ویلایەتی کالیفۆرنیایە.

بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست "بەغداد ئەلیوم" كه‌وتوون و بەدواداچوونی بۆ کردوون: "گومانلێکراوەکە لەو هوتێلەدا نیشتەجێ بووە کە ئاهەنگەکەی تێدا سازکراوە و لە کاتی ئەنجامدانی هێرشەکەدا بە تەنیا بووە و توانیویەتی خاڵێکی پشکنینی سەر بە دەزگای خزمەتگوزاری نهێنی لەناو هۆڵی هوتێلەکەدا ببڕێت، پێش ئەوەی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە ڕێگری لێ بکرێت".

سەرچاوە ئەمنییەکان ئاماژەیان بەوە کردووە: "تۆمه‌تبار چەکێکی ڕاو، دەمانچە و چەند چەقۆیەکی پێبووە، لە کاتی ڕووداوەکەدا هێزەکانی جێبەجێکردنی یاسا، تەقەیان لێكردووه‌ و بەبێ ئەوەی هیچ برینداربوونێکی لێ بکەوێتەوە".

زانیارییەکان باس لەوە دەکەن، "گومانلێکراوەکە هیچ تۆمارێکی تاوانکاری پێشووی نییە و ناوی لە لیستی چاودێری دەسەڵاتدارانی واشنتۆنیشدا نەبووە، دەزگا ئەمنییەکان دوای دەستگیرکردنی، هەڵیانکوتاوەتە سەر شوقەکەی لە ویلایەتی کالیفۆرنیا".

لەلایەکی دیکەوە، دۆناڵد ترەمپ لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، "ئەنجامدەری هێرشەکە دەستگیرکراوە" و بە "کەسێکی زۆر نەخۆش" وەسفی کرد.

لەکاتێکدا هەندێک هەژمار لە سۆشیاڵ میدیا زانیاری ناڕەسمییان بڵاوکردووەتەوە و ده‌ڵین، وەک مامۆستا و گەشەپێدەری یارییە ئەلیکترۆنییەکان کار دەکات، بەڵام تا ئێستا هیچ بەیاننامەیەکی فەرمی دەرنەچووە وردەکاری پیشەکەی یان پاشخانی کەسییەکەی پشتڕاست بکاتەوە.


AM:10:37:26/04/2026


ئه‌م بابه‌ته 388 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت