ترەمپ: تەقەکەرەکە پەیوەندیی بە شەڕی ئێرانەوە نیە


وێستگەنیوز-

سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکان وردەکاریی نوێی لەبارەی هەوڵی تەقەکردن لە هۆتێل (هیڵتن)ی واشنتن ئاشکرا کرد و رایگەیاند، هێرشبەرەکە چەندین جۆری چەکی پێبووە و ئەفسەرێکی دەزگای نهێنی لە مەودایەکی نزیکەوە پێکراوە.

رۆژی یەکشەممە، 26ی نیسانی 2026 دۆناڵد ترەمپ لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لە کۆشکی سپی رایگەیاند، ئەو کەسەی هێرشەکەی ئەنجامداوە "بکوژێکی بەکرێگیراو" بووە و ویستوویەتی هێرش بکاتە سەر دەستووری ئەمریکا. ترەمپ ئاشکرای کرد، گومانلێکراوەکە خەڵکی ویلایەتی کالیفۆرنیایە و ئێستا لێکۆڵینەوە لەگەڵیدا بەردەوامە.

ترەمپ وردەکاریی رووداوەکە باس دەکات و دەڵێت، "ئەم بۆنەیە بۆ ئازادیی رادەربڕین تەرخانکرابوو، کە بڕیاربوو ئەندامانی هەردوو پارتەکە و میدیاکان کۆبکاتەوە. بینیم کە هەمووان پێکەوە یەکگرتوو بوون، ئەوە شتێکی زۆر جوان بوو؛ پیاوێک لە بازنەیەکی پشکنینی ئەمنیدا بە چەندین چەکەوە هێرشی کرد و لەلایەن ئەندامانی ئازای دەزگای نهێنییەوە تێکشکێندرا".

سەبارەت بە برینداربوونی ئەفسەرێکی دەزگای نهێنی، ترەمپ ئاماژەی بەوە کرد، ئەفسەرەکە لە مەودایەکی زۆر نزیکەوە و بە چەکێکی زۆر بەهێز تەقەی لێکراوە، بەڵام چاکەتە گوللەنەبڕەکەی ژیانی رزگار کردووە. ترەمپ گوتی: "تەنیا کەمێک پێش ئێستا قسەم لەگەڵ ئەو ئەفسەرە کرد، ئەو زۆر باشە و دۆخی تەندروستیی جێگیرە".

سەرۆکى ئەمریکا رەتیکردەوە رووداوەکە پەیوەندى بە ئێرانەوە هەبێت و وتی، "پێموانییە پەیوەندى بە ئێرانەوە هەبێت، بەڵام لێکۆڵینەوەکان بەردەوامن."

دەزگای نهێنی لە راگەیەنراوێکدا جەختی کردەوە، "سەرۆک و خانمی یەکەم سەلامەتن." هەروەها ئاماژەی بەوە کرد، رووداوەکە لە نزیک بازنەی پشکنینی ئەمنیی سەرەکیی دەرەوەی هۆڵی ئاهەنگەکە روویداوە و یەک کەس دەستگیرکراوە.

ترەمپ لە هەژماری خۆی لە پلاتفۆرمی "تروس سۆشیاڵ" نووسیویەتی: "دەزگای نهێنی و هێزە ئەمنییەکان کارێکی نایابیان ئەنجامدا. ئەوان بە خێرایی و ئازایانە مامەڵەیان کرد. تەقەکەرەکە دەستگیرکراوە."


AM:08:15:26/04/2026


ئه‌م بابه‌ته 500 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت