سەربازانی برسی لە بەرەکانی جەنگ، ئۆکرانیا بە لادانی فەرماندەیەکی سەربازی تووڕەیی ناوخۆ هێوردەکاتەوە
وێستگەنیوز-
ئۆکرانیا دوێنێ هەینی، 24ی نیسانی 2026، فەرماندەی یەکەیەکی سەربازیی لەکارلادا، لادانی ئهو فهرماندهیه، دوای بڵاوبوونەوەی وێنەی کۆمەڵێک سەرباز دێت کە بەدەست لاوازیی زۆرەوە دهناڵێنن، ئەمەش بەهۆی ئەوەی بۆ ماوەی چەندین مانگ، لە بەرەکانی جەنگدا، بەبێ پێداویستی خۆراک و ئاو، بە برسییەتی جێهێڵدراوون، ئهمه شەپۆلێکی تووڕەیی لە سەرتاسەری وڵاتدا لێکەوتووهتەوە.
ژنێک وا دیاره هاوسەری یەکێک لە سەربازانی ئەو یەکەیە بێت، وێنەی سێ سەربازی بڵاوکردووهتەوە، ریشیان درێژ بووە و کێشێکی زۆریان لەدەستداوە، به جۆرێك لاواز بوون پەراسوەکانیان دەرکەوتووە.
ئەو یەکەیە لە ٢٥ی ئابەوە، لە ناوچەی خارکیڤ لە باکووری ڕۆژهەڵاتی وڵات جێگیر کراوون.
لهم بارهیهوه ئاناستاسیا سێلچوک، لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا نووسیویەتی، گهیشتنی خۆراك و پێداویستییهكان "خواوهكیلی" بووه و دهڵێت: "نزیکەی هەموو 10 بۆ 15 ڕۆژ جارێک، بێ ئاو و خۆراک دەمانەوە".
هەروەها ئاشکرای کردووە سەربازەکان ئاوی بارانیان خواردووهتهوه و له وەرزی زستانیشدا بەفرەکانیان تواندووهتهوه.
ڕۆژنامەنووسە سەربازییەکان و کەسایەتییە گشتییەکانی ئۆکرانیا، بە تووڕەییەکی زۆرەوە، پێشوازییان لەم هەواڵە کردووه.
سهبارهت بهم بابهته، ئانا کالیۆجنا، پەیامنێری سەربازی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا نووسیویەتی: "هەرگیز هیچ رۆژێك به خهیاڵمدا نههاتووه، سەرکردایەتیی سەربازییمان، سوپاکەمان بگەیەنێتە ئەم ئاستە.
سەربازەکانمان وا دەردەکەون وەک ئەوەی لە ئەسیری گەڕاونهتهوه".
دەستەی ئەرکانی گشتیی ئۆکرانیا، ڕۆژی هەینی، لادانی فەرماندەی یەکەکەی ڕاگەیاند و تۆمەتباری کرد بە "شاردنەوەی ڕاستی بارودۆخەکە".
لە پۆستێکدا لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا ئاماژەی بەوە کردووە: "ژمارەیەک پێگەمان لەدەستدا و زنجیرەیەک هەڵە لە خەمڵاندنی پێداویستییە سەربازییهكاندا ڕوویداوه".
هەروەها باس لهوه دهكات، "بۆمان دهركهوت له یهكێك له بارهگا سهربازییهكاندا، كێشهی كهمی خۆراك و ناردنی خۆراك ههیه".
ئەم یەکەیە لە دەوروبەری ڕووباری ئۆسکیل، لە ناوچەی کوپیانسک لە باکووری ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا، خەریکی شەڕكردنن.
ئۆکرانیا ڕوونی کردووەتەوە پێداویستییەکان، لەو بەرەیەدا، لە رێگەی تەیارەی بێفڕۆکەوان و بەلەمەوە، دەگەیەنرێنە هێزەکان، بۆ ئهمهش دهبێت لهو رێڕهوه ئاوییه بپهڕنهوه کە دهكهوێته ژێر تەقەی ڕووسەکانەوە.
سوپای ئۆکرانیا ڕۆژی هەینی ڕایگەیاند پێداویستی خۆراکیان بۆ یەکەکە دابین کردووە و جەختی کردەوە: "ئەگەر بارودۆخ ڕێگە بدات، دەستبەجێ ئهو یهكهیه دەگوازرێنەوە".
تاراس ماکسیمۆڤ، فەرماندە نوێیەکەی یەکەکە، دوای دەستبەکاربوونی، لە ڕێگەی ئینتەرنێتەوە پەیوەندی بە سەربازەکانەوە کردووه و بەڵێنیپێداون هەر کاتێک کەشوهەوا ڕێگە بدات، لە خزمەتکردن دووریان دهخاتهوه و بۆ ئهوهی پشوو بدهن.
یەکێک لە سەربازەکان لەو پەیوەندییەدا کە میدیاکانی ئۆکرانیا بڵاویان کردووەتەوە، پێی دەڵێت، "یارمەتیمان بدە و لێرە بمانکێشەوە، ئیدی هەموو شتێک باش دەبێت".
PM:05:29:25/04/2026
ئهم بابهته 116
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت