رۆژی شه‌ممه‌ یەک ملیۆن فەلەستینی لە هەڵبژاردنە ناوخۆیییەکاندا دەنگ دەدەن


وێستگەنیوز-

ئه‌مڕۆ هه‌ینی، 24ی نیسانی 2026، لیژنەی ناوه‌ندی هەڵبژاردنەكانی فەلەستین، ڕایگەیاند سبەی شەممە نزیکەی ملیۆنێک و 30 هەزار دەنگدەر،  بۆ هەڵبژاردنی نوێنەرەکانیان لە دەستە ناوخۆیییەکان،ڕوو لە سندووقەکانی دەنگدان دەکەن.


لیژنەکە لە بەیاننامەیەکدا ئاماژەی بەوە کردووە ژمارەی دەنگدەران، دەگاتە ملیۆنێک و 29 هەزار و 550 دەنگدەر، لەنێویاندا 70 هەزار و 449 کەس لە شاری دێر ئەلبەلەح لە ناوەڕاستی کەرتی غەززە، کە تێیدا هەڵبژاردن لە 183 دەستەی ناوخۆیی، لە کۆی 420 دەستە بەڕێوەدەچێت.

لە کۆتایی ساڵی 2025دا، ژمارەی فەلەستینییەکان لە جیهاندا گەیشتە نزیکەی 15.49  ملیۆن کەس. لەو ژمارەیە 5.56 ملیۆن کەسیان لە فەلەستین نیشتەجێن و بەسەر کەناری ڕۆژاوا و کەرتی غەززەدا دابەش بوون.

هەڵبژاردنەکان لە 90 ئەنجومەنی شارەوانیدا ئەنجام دەدرێن، تێیدا 321 لیستی هەڵبژاردن کێبڕکێ دەکەن و 3 هه‌زار و 773 کاندید لەخۆدەگرن، له‌و ژماره‌یه‌ هه‌زار و 200 كاندیدیان ئافره‌تن.

له‌م هه‌ڵبژاردنه‌دا، لیسته‌ حیزبییه‌كان ته‌نها نزیكه‌ی له‌ 12٪ پێکدەهێنن، لە بەرانبەردا، لیسته‌ سه‌ربه‌خۆكان نزیكه‌ی 88٪  پێكده‌هێنن. 
سەبارەت بە ئەنجومەنی گوندەکان، هەڵبژاردن لە 93 ئەنجومەن بەڕێوەدەچێت و هه‌زار و 385 کاندید کێبڕکێ دەکەن و 309 كاندیدیان ئافره‌تن، هەروەها ژنان سەرۆکایەتی 8 لیستی هەڵبژاردن دەکەن.

لە بەرانبەردا، پێکهێنانی 197 دەستەی ناوخۆیی، بە تەزکیە یەکلایی دەبێتەوە، کە 42 ئەنجومەنی شارەوانی و 155 ئەنجومەنی گوند دەگرێتەوە، ئەمەش ڕەنگدانەوەی جیاوازییە، لە ئاستی کێبڕکێی نێوان ناوچەکاندا.

هەروەها 2 هه‌زار و 539 چاودێر لە 69 دەستەی چاودێری پەسەند کراون، لەگەڵ 145٥ میوان و دیپلۆماتکار و 806 ڕۆژنامەنووس لە 120 دەزگای ڕاگەیاندنەوە کە 14یان دامەزراوەی نێودەوڵەتین، چاودێری هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ ده‌كه‌ن.

10 هەزار و 677 فەرمانبەر بەشدارن لە بەڕێوەبردنی ڕۆژی دەنگداندا، ئەرکی ڕێکخستنی پرۆسەکە و ئاسانکاری بۆ بەشداری دەنگدەران دەگرنە ئەستۆ، بەپێی ئەو ڕێکارانەی بۆ دەستەبەرکردنی دەسپاکی و شەفافیەت پەسەند کراون.

هەڵبژاردنەکان بەپێی یاسایەکی نوێ بەڕێوەدەچن کە لە تشرینی دووەمی 2025دا پەسەند کراوە، سیستەمی نوێنەرایەتی ڕێژەیی (لیستی کراوە) لە ئەنجومەنی شارەوانییەکان و سیستەمی زۆرینە (خۆپاڵاوتنی تاکەکەسی) لە ئەنجومەنی گوندەکاندا پەیڕەو دەکات.

یاساکە مەرجی داناوە و لیستەکان پێویسته‌ رێژەی یەکلاکردنەوە کە لە 5٪ کەمتر نەبێت بەدەستبهێنن بۆ چوونە ناو پرۆسەی دابەشکردنی کورسییەکان و دابه‌شكردنی كورسییه‌كان بەپێی سیستەمی "سانت لۆگی" و بە ڕەچاوکردنی نوێنەرایەتی ژنان و هاوسەنگی ئایینی ئەنجام دەدرێت.


PM:08:54:24/04/2026


ئه‌م بابه‌ته 92 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت