"موجتەبا خامنەیی چاوەڕوانی بەستنی قاچێکی دەستکردە و دەستگەیشتن پێی سنووردارە"
وێستگهنیوز -
لە کاتێکدا دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، دووبارە جەختی لەبوونی دابەشبوون لە ناو ڕژێمی ئێراندا کردەوە و رایگهیاند: "ئێران لە دیاریکردنی ڕێبەرەکەیدا، ڕووبەڕووی سەختییەکی زۆر بووەتەوە"، سەرچاوە ئێرانییەکان ئاشکرایان کرد دەستگەیشتن بە ڕێبەری ئێران، موجتەبا خامنەیی، سنووردارە.
هەروەها ئاماژەیان بەوە کرد مەسعود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئێران کە خۆی پزیشكی نەشتەرگەری دڵە، لەگەڵ وەزیری تەندروستی، سەرپەرشتی چارەسەرکردنی دەکەن، ئەمەش بەگوێرەی ئەوەی ڕۆژنامەی "نیویۆرک تایمز" بڵاویكردووهتهوه.
سەرچاوەکان جەختیان لهوه کردووەتەوە موجتهبا خامنەیی، بە سەختی بریندار بووە و سێ نەشتەرگەری لە یەکێک لە قاچەکانیدا بۆ ئەنجامدراوە و چاوەڕوانی بەستنی قاچێكی دەستکردە.
ئاماژەیان بەوەش کردووە بەهۆی ئهوهی روخساری شێواوه، پێویستی بەوهیه نهشتهرگهری جوانكاری بۆ بكرێت.
توانای قسەکردنی نەماوە
به گوێرهی سهرچاوه ئێرانییهكان، نەشتەرگەرییەک بۆ یەکێک لە دەستەکانی ئەنجامدراوە و دەموچاو و لێوەکانی تووشی سووتانی توند بوون، ئەوەش ڕێگری لە توانای قسەکردنی کردووە.
جگە لەوەش، ڕوونیان کردووەتەوە دەستگەیشتن بە خامنەیی کوڕ، زۆر سنووردارە، بە جۆرێک زۆربەی کات، لەلایەن تیمێکی پزیشکییەوە دەورەدراوە و چارەسەری ئەو برینانە دەکەن کە بەهۆی بۆردومانەکەوە تووشی بووە.
نامەی نووسراو
سهرچاوهكان باس لهوه دهكهن، فەرماندە باڵاکانی سوپای پاسداران و بەرپرسە باڵاکانی حکومەت، سەردانی ناکەن، لەبەر مەترسی ئەوەی ئیسرائیل چاودێری جووڵەکانیان بکات و ڕێبەرە نوێیەکە بکاتە ئامانج. سەرچاوەکان ئاماژەیان بەوە کردووە ئەو نامانەی پێیدەگەن، بە دەست نووسراون و لە ڕێگەی زنجیرەیەک گەیەنەرەوە (پەیامبەر) دەستبەدەست دەکرێن.
بەڵام سەرەڕای برینە سەختەکانی، سەرچاوەکان جەختیان لهوه کردووەتەوە خامنەیی "لە رووی هوشیارییهوه، تەندروستە و بەشدارە لە بەدواداچوونی کاروباری سیاسی وڵات و وردە وردە دەگەڕێتەوە بۆ ئەنجامدانی ئەرکەکانی".
جێی ئاماژەیە موجتەبا لە سەرەتای جەنگەکەوە و دوای برینداربوونی لەبەرچاو دەرنەکەوتووە، تەنانەت دوای هەڵبژاردنیشی بۆ شوێنگرتنەوەی باوکی، عەلی خامنەیی ڕێبەری پێشوو، کە لە 28ی شوباتدا بە هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل و ئەمریکا کوژرا.
ئەو لە یەکەم ڕۆژی جەنگدا بریندار بوو كه بووە هۆی کوژرانی باوکی. هەروەها هاوسەری موجتەبا و خەزوور و خوشکی هاوسەرەکەی لە هێرشەکانی ئەو ڕۆژەدا گیانیان لەدەستدا.
لە کاتێکدا هیچ بەیاننامەیەکی فەرمیی ئێرانی سەبارەت بە ئاستی برینداربوونی دەرنەچووە، بەڵام بێژەرێکی تەلەفزیۆنی حکومەت، دوای هەڵبژاردنی وەک ڕێبەری باڵای وڵات، بە وشەی "گیانفیدا" وەسفی کرد، کە لە ئێراندا بۆ ئەو جەنگاوەرانە بەکاردێت تووشی برینداری زۆر سەخت بوون.
بەپێی سیستمی ئایینی كه له ئێراندا حوكمڕانه، ڕێبەری باڵا دەسەڵاتی ڕەهای هەیە و پیاوێکی ئایینییە و لەلایەن ئەنجومەنێکەوە دیاری دەکرێت کە لە 88 پیاوی ئایینی پێکهاتووە و نازناوی ئایەتوڵڵایان هەڵگرتووە.
PM:09:36:23/04/2026
ئهم بابهته 472
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت