سوپای پاسداران: دامەزراوە نەوتییەکانی کەنداو لەناودەبەین


وێستگەنیوز-

فەرماندەی هێزی ئاسمانیی سوپای پاسداران هەڕەشە لە وڵاتانی "دراوسێی باشوری ئیران" دەکات و دەڵێت ئەگەر خاکەکەیان لە خزمەت ''دووژمنان''ی ئێراندا بێت، ئەوە توانای بەرهەمهێنانی نەوتیان لەناودەبەین.

ئەمڕۆ چوارشەممە 22ی نیسانی 2026، مەجید موسەوی، فەرماندەی هێزی ئاسمانیی سوپای پاسداران لە پەیامێکدا رایگەیاند، ''دراوسێکانی باشووری ئێران بزانن، ئەگەر جوگرافیا و تواناکانی ئەوان لە خزمەت دووژمندا بێت بۆ هێرشکردنە سەرمان، ئەوە دەبێ ماڵئاوایی لە بەرهەمهێنانی نەوت لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بکەن."

ئەمەش لەکاتێکدایە بەرەبەیانی ئەمڕۆ ئاگربەستە دوو هەفتەییەکەی نێوان تاران و واشنتن کۆتایی دەهات، بەڵام دوێنێ شەو، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە ترووس سۆشیاڵ نووسی، ''فەرمانم دا بە سوپاکەمان کە بەردەوام بێ لە گەمارۆکەی و لە هەموو لایەنەکانی دیکەشەوە بە ئامادەیی و توانای تەواوەوە بمێننەوە."

ترەمپ وتیشی، "ئاگربەستەکە درێژ دەکەینەوە تاوەکو ئەو کاتەی پێشنیازەکەیان پێشکێش دەکەن و گفتوگۆکان کۆتاییان دێت."

لەلایەکی دیکەوە پەیوەندییە گشتییەکانی سوپای پاسداران بە بۆنەی ساڵڕۆژی دامەزراندنی سوپاکەوە بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە کە تێیدا هاتووە، ''لەوپەڕی ئامادەییداین بۆ بەردەوامیدان بە جەنگ. ئامادەین بۆ رووبەڕووبوونەوەی یەکلاییکەرەوانە لەگەڵ دوژمن.''

لەبەیاننامەکەدا هاتووە کە "هێرشە موشەکی و درۆنییەکانی سوپای ئێران هۆکاری ئەوە بوون ئەمریکا و ئیسرائیل بە داماوی داوای ئاگربەست بکەن".


AM:10:22:22/04/2026


ئه‌م بابه‌ته 340 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت