دیمەنی دەستبەسەرداگرتنی کەشتییەکی ئێرانی لەلایەن ئەمریکاوە بڵاودەکرێتەوە


وێستگەنیوز-

فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکۆم) ڕایگەیاند ئۆپەراسیۆنێکی دەریایییان ئەنجامداوە و تێیدا هێزەکانیان دەستیان بەسەر کەشتییەکی ئێرانی بەناوی «MV Tosca»دا گرتووە، کە لە باکووری دەریای عەرەب لەنگەری گرتبوو.


وردەکاریی ئۆپەراسیۆنەکە

کەشتیی جەنگیی «USS Spruance» ڕێگەی لە کەشتییە ئێرانییه‌كه‌ گرتووە، لە کاتێکدا بە خێرایی 17 گرێ (عوقدە) بەرەو بەندەر عەباسی ئێران بەڕێوە بووە.

دوای ئەوەی تیمی ناو کەشتییەکەی ئێران، بۆ ماوەی 6 کاتژمێر گوێیان بە هۆشدارییە بەردەوامەکان نەداوە، کەشتییە جەنگییەکە فەرمانی بە تیمەکە کردووە ژووری بزوێنەرەکان چۆڵ بکەن.

پاشان هێزە ئەمریکییەکان چەند گولەیەکی قه‌باره‌ 5 ئینجیان له‌ تۆپخانه‌ی سه‌ره‌كه‌ی كه‌شتییه‌كه‌وه‌، به‌ره‌وه‌ كه‌شتییه‌ ئێرانییه‌كه‌ ته‌قاندووه‌، بە مەبەستی پەکخستنی سیستەمی پاڵنەر و جوڵەی کەشتییەکە.

کۆنتڕۆڵکردن و دەستبەسەرداگرتن

دوای پەکخستنی کەشتییەکە، هەلیکۆپتەرەکان لە کەشتیی هێرشبەری وشکاوەکیی «USS Tripoli»ـەوە فڕیون، کە هێزەکانی مارینزی یەکەی 31ی نێردراوی دەریایییان هەڵگرتبوو.

هێزەکان لە ڕێگەی پەتەوە دابەزیونەتە سەر پشتی کەشتیی «تۆسکا» و کۆنتڕۆڵیان کردووە، لە ئێستاشدا کەشتییەکە لای هێزە ئەمریکییەکان دەستبەسەرە.

سێنتکۆم گرتەیەکی ڤیدیۆیی لەگەڵ بەیاننامەکەیدا بڵاوکردووەتەوە تێیدا هەلیکۆپتەرەکان له‌ كه‌شتی "USS Tripoli"یه‌وه‌ هه‌ڵده‌فڕن و دواتر پرۆسه‌ی دابه‌زینی هێزه‌كانی مارێنز بۆ ناو كه‌شتییه‌ ئێرانییه‌كه‌ نیشانده‌دات.


PM:12:32:20/04/2026


ئه‌م بابه‌ته 212 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت