ترەمپ: کەشتییەکی زەبەلاحی ئێرانمان پێکا


وێستگەنیوز-

سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکان لە پەیامێکی بەپەلەدا ڕاگەیاند؛ دوای ئەوەی کەشتییەکی زەبەلاحی ئێرانی فەرمانی وەستانی جێبەجێ نەکرد، کەشتییە جەنگییەکانی ئەمریکا ژووری بزوێنەری کەشتییەکەیان پێکا و پەکخست.

یەکشەممە 19ـی نیسانی 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (تروس) رایگەیاند هێزە دەریاییەکانی وڵاتەکەی لە ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیدا لە دەریای عومان، کەشتییەکی زەبەلاحی ئێرانییان پەکخستووە و دەستیان بەسەردا گرتووە.

بەپێی پەیامێکی ترەمپ کەشتییەکی بارهەڵگری ئێرانی بە ناوی "تۆسکا" (TOUSKA)، کە درێژییەکەی 900 پێیە و کێشەکەی نزیکەی کێشی کەشتییەکی فڕۆکەهەڵگرە، هەوڵیداوە گەمارۆ دەریاییەکەی ئەمریکا بشکێنێت و تێپەڕێت؛ ئاشکراشی کرد، کەشتیی جەنگیی ئەمریکی (USS SPRUANCE) رێگری لە کەشتییە ئێرانییەکە کردووە و هۆشداریی پێداوە کە بوەستێت، بەڵام تیمەکەی نێو کەشتییە ئێرانییەکە رەتیانکردووەتەوە فەرمانەکە جێبەجێ بکەن.

سەرۆکی ئەمریکا وتی "بەهۆی ئەوەی ئێرانییەکان گوێیان نەگرت، کەشتییە جەنگییەکەمان راستەوخۆ تەقەی لێ کردن و کونێکی گەورەی لە ژووری بزوێنەری (Engine room) کەشتییەکەدا دروست کرد و بە تەواوی پەکخست."

ترەمپ پشتڕاستی کردەوە کە ئێستا هێزەکانی مارینزی ئەمریکا چوونەتە ناو کەشتییەکە و بە تەواوی کۆنترۆڵیان کردووە.

کەشتیی "تۆسکا" پێشتریش لەلایەن وەزارەتی دارایی ئەمریکاوە خرابووە لیستی سزاکانەوە بەهۆی تێوەگلانی لە کارە نایاساییەکان و ترەمپ وتی، "ئێستا کەشتییەکە لەژێر دەستی ئێمەدایە و خەریکی پشکنینین بۆ ئەوەی بزانین چی لە ناویدایە."


PM:11:20:19/04/2026


ئه‌م بابه‌ته 276 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت