ئێران مەرجی پێشوەختە بۆ دەستپێکی گفتوگۆکان لەگەڵ ئەمریکا دادەنێت


وێستگەنیوز-

بەپێی هەواڵی میدیاکانی ئێران، تاران مەرجی پێشوەختە بۆ واشنتۆن دادەنێت و رایدەگەیەنێت بەبێ هەڵگرتنی گەمارۆی دەریایی لەگەڵ ئەمریکا دانوستان ناکات.

بەپێی ڕاپۆرتەکەی ئاژانسی تەسنیم، کۆماری ئیسلامی ئێران هیچ نوێنەرێک بۆ دانوستان نانێرێت و هیچ جۆرە گفتوگۆیەک لەگەڵ ئیدارەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ئەنجام نادات، تا ئەو کاتەی واشنتۆن هەنگاوی کرداری نەنێت.

سەرچاوە ئێرانییەکان ئاماژە بەوە دەکەن، کە هەڵگرتنی گەمارۆ دەریاییەکانی سەر ئێران، مەرجی سەرەکی و بنەڕەتییە بۆ هەر جۆرە لێکتێگەیشتنێک. تاران جەخت دەکاتەوە کە تا ئەو کاتەی دۆناڵد ترامپ کۆتایی بە گەمارۆ دەریاییەکان و فشارە سەربازییەکانی سەر هێڵە کەشتیوانییەکانی وڵاتەکەی نەهێنێت، هیچ پڕۆسەیەکی دیپلۆماسی لە نێوان هەردوولادا دەستپێناکات.

ئەم هەڵوێستەی تاران لە کاتێکدایە کە گرژییەکان لە گەرووی هورمز و ئاوە نێودەوڵەتییەکان گەیشتوونەتە ئاستێکی مەترسیدار و واشنتۆنیش چەندین جار داوای گەڕانەوەی ئێرانی کردووە بۆ سەر مێزی گفتوگۆ بە مەرجی واژۆکردنی ڕێککەوتنێکی نوێ.

ئەمەش لەکاتێکدایە هەر ئەمڕۆ دۆناڵد تره‌مپ، سه‌رۆكی ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا رایگه‌یاند كه‌ سبه‌ی ئێواره‌ شاندێكی‌ وڵاته‌كه‌ی‌ ده‌گاته‌ ئیسلام ئابادی‌ پایته‌ختی‌ پاكستان بۆ دانوستان، ئه‌مه‌ش ئاماژە‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ی واشنتۆن "رێككه‌وتنێكی زۆر دادپه‌روه‌رانه‌ و مه‌عقول" پێشكه‌ش ده‌كات.

تره‌مپ هیوای ده‌ربڕی كه‌ ئێرانییه‌كان قبووڵی بكه‌ن، ئه‌گه‌رنا "ئه‌مریكا هه‌موو وێستگه‌یه‌كی كاره‌با و هه‌موو پردێكی ئێران له‌ناو ده‌بات".


PM:06:11:19/04/2026


ئه‌م بابه‌ته 468 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت