عه‌لی ره‌زا عه‌باس فه‌رمانده‌ باڵاكه‌ی حزبوڵڵای لوبنانی كێیه‌ كه‌ ئیسرائیل كوژرانی راگه‌یاند؟


وێستگەنیوز-

ئه‌مرۆ یه‌كشه‌ممه‌ 19ی نیسانی 2026، سەرچاوەیەکی ئەمنیی ئیسرائیل کوژرانی عەلی ڕەزا عەباس، ناسراو بە "ئەبو حوسێن باریش"، فەرماندەی یەکەی بنت جوبەیلی سەر بە حزبوڵڵای لوبنانی لە هێرشێکی ئاسمانی لە باشووری لوبنان، پشتڕاستکردەوە.


بەپێی زانیارییەکانی کەناڵی 12ی ئیسرائیل، عەباس بە یەکێک لە دیارترین فەرماندە مەیدانییەکانی هێزی ڕه‌زوان دادەنرێت و لە ناو بازنەکانی حزبوڵڵادا بە "فەرماندەی مەزن" وەسف دەکرێت، ئەمە نازناوێکە تەنیا دەدرێت بە فەرماندە سەربازییە باڵاکان.

ئەم پێشهاتە دوای ئەوە دێت سوپای ئیسرائیل، ڕۆژی هەینی ڕایگەیاند، چەند هێرشێکی لە باشووری لوبنان ئەنجامداوە و ئەو ئەندامانەی حزبوڵڵای کردووەتە ئامانج کە بە وتەی ئەوان "رێكه‌وتنی ئاگربەستیان پێشێل کردووە".

سوپای ئیسرائیل ڕوونیکردەوە هێزەکانیان جموجوڵێكیان لە نزیک "هێڵی زەرد" بەدیکردووە و وەک هەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆ لێکیانداوەتەوە، ئەمەش وایکردووە هێرشی ئاسمانی و تۆپباران بۆ سەر ئەو پێگە و ژێرخانانە ئەنجامبدەن.

هێزی ڕه‌زوان چییە؟

"هێزی ڕه‌زوان" بە یەکێک لە گرنگترین پێکهاتە سەربازییەکانی ناو حزبوڵڵا دادەنرێت. ئەرکە سەرەکییەکانی بریتین لە ئەنجامدانی ئۆپراسیۆنی دزەکردنە ناو خاکی ئیسرائیل و کۆنترۆڵکردنی ناوچەکانی نزیک لە سنووری باکوور.

عەلی ڕەزا عەباس فه‌رمانده‌ كوژراوه‌كه‌ی حزبوڵڵا کێیە؟

-خەڵکی شارۆچکەی "باریش"ە لە قەزای سوور لە باشووری لوبنان.
-تەمەنی نزیکەی 60 ساڵە.

-پێش ئەوەی ببێتە فەرماندەی یەکەکە، یاریدەدەری یەکەمی فەرماندەی یەکەی ڕزوان بووە.

-لە ماوەی کارکردنیدا چەندین بەرپرسیارێتی سەربازی جیاوازی هەبووە و بە یەکێک لە ئەفسەرە دیارەکانی ئۆپراسیۆنه‌كانی لە به‌ره‌ی باشوور دادەنرێت.
-به‌ "نەوەی سێیەم"ی سەرکردایەتییەکانی حیزبوڵڵا پۆلێن دەکرێت.
-مەشق و ڕاهێنانی سەربازیی پێشکەوتووی لە ئێران وەرگرتووە.

-لە نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوودا لە هەوڵێکی کوشتن لە شارۆچکەکەی خۆی ڕزگاری بووە.

-بەوە ناسرابوو زۆر کەم لە میدیاکان دەردەکەوت، هەندێک جار بۆ پێشکەشکردنی ڕوونکردنەوە لەسەر ئۆپراسیۆنە سەربازییەکان، به‌ دەموچاوی داپۆشراوەوە دەردەکەوت.

کوشتنی ناوبراو لە چوارچێوەی پەرەسەندنی بەردەوامی گرژییەکانی باشووری لوبنان و بەئامانجگرتنی دووبارەی فەرماندە مەیدانییە باڵاکانی ناو حزبوڵڵا دێت.


PM:01:10:19/04/2026


ئه‌م بابه‌ته 320 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت