ترەمپ: یۆرانیۆمە پیتێنراوەکەی ئێران بۆ ناو خاکی ئەمریکا دەگوازینەوە


وێستگەنیوز-

هەینی 17ی نیسانی 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ cbs نیووز، ڕایگەیاند کۆماری ئیسلامیی ئێران لە دانوستانەکاندا "ڕەزامەندی لەسەر هەموو شتێک" نیشانداوە، لەوانە ڕادەستکردنی تەواوی کۆگای یۆرانیۆمی پیتێنراوی وڵاتەکەی.

ترەمپ جەختی کردەوە، ئێران کار لەگەڵ ئەمریکا دەکات بۆ گواستنەوەی یۆرانیۆمە پیتێنراوەکەی بۆ ناو خاکی ویلایەتە یەکگرتووەکان. سەرۆکی ئەمریکا ڕەتیکردەوە کە ئەم پرۆسەیە پێویستی بە ناردنی "هێزی پیادەی ئەمریکی" هەبێت بۆ نێو ئێران و گوتی: "نەخێر، هیچ سەربازێک نانێرین. خەڵکی ئێمە لەگەڵ ئێرانییەکان پێکەوە کاردەکەن بۆ وەرگرتنەوەی یۆرانیۆمەکە و دواتر دەیهێنین بۆ ئەمریکا."

وتیشی: "کاتێک ڕێککەوتن هەبێت، پێویست بە شەڕ ناکات. ئەمە زۆر باشترە، هەرچەندە ئەگەر ناچار بووینایە بە ڕێگەی تریش ئەنجاممان دەدا."

دوابەدوای ئەم لێدوانەی ترەمپ ئیسماعیل بەقایی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، ڕایگەیاند کە کۆگاکانی یۆرانیۆمی پیتێنراوی کۆماری ئیسلامی "بە هیچ شێوەیەک بۆ هیچ شوێنێک ناگوازرێنەوە".

بەقایی ئێوارەی ئەمڕۆ هەینی، ئاماژەی بەوە کرد: "گواستنەوەی یۆرانیۆم بۆ ئەمریکا وەک بژاردە هەرگیز باس نەکراوە. بەو ئەندازەیەی خاکی ئێران پیرۆزە، یۆرانیۆمە پیتێنراوەکەش بە هەمان شێوە پیرۆزە".


لە بەشێکی دیکەی وتەکانیدا سەرۆکی ئەمریکا وتیشی کە ئێران ڕەزامەندی نیشانداوە چیتر پشتگیریی دارایی و سەربازیی گرووپە چەکدارەکان نەکات، بەتایبەتی حزبوڵڵا لە لوبنان و حەماس لە فەڵەستین.


سەبارەت بەو ڕاپۆرتانەی کە باسیان لەوە دەکرد ئەمریکا بڕی 20 ملیار دۆلار لە داراییە سڕکراوەکانی ئێران ئازاد دەکات، ترەمپ بە توندی ئەو دەنگۆیانەی ڕەتکردەوە و وتی: "نەخێر، ئێمە تەنانەت 10 سەنت-یشیان پێنادەین."

ترەمپ ئاماژەی بەوە کرد کە تیمی دانوستانکاری هەردوولا لەم کۆتایی هەفتەیەدا کۆدەبنەوە، بەڵام جەختی کردەوە کە گەمارۆی دەریایی ئەمریکا بۆ سەر بەندەرەکانی ئێران بەردەوام دەبێت "تا ئەو کاتەی هەموو شتێک بەتەواوی جێبەجێ دەکرێت."


PM:10:37:17/04/2026


ئه‌م بابه‌ته 148 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو