سوپای پاسداران هەڕەشەی "وەڵامێکی وێرانکەر"
وێستگەنیوز-
ئه‌مرۆ هه‌ینی، 17ی نیسانی
2026، سوپای پاسدارانی ئێران، هەڕەشەی لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل
کرد، به‌وه‌ی "وەڵامێکی وێرانکەر"یان ده‌بێت بۆ هەر دەستدرێژییەک ئاگربەستەکە
پێشێل بکات.
سوپای پاسداران لە بەیاننامەیەکدا
ده‌ڵێت: "سوپا و پاسداران، ئامادەن بۆ وەڵامدانەوەیەکی بەهێز، بۆ هەر کارێکی
دەستدرێژیکارانە و تاوانکاری لەلایەن دوژمنانەوە".
هه‌روه‌ها له به‌یاننامه‌كه‌دا
هاتووه: "تۆڵە"ی ئه‌وانه‌ش ده‌كاته‌وه له‌سه‌ر پشتی کەشتی "دینا"
گیانیان لەدەستدا، کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، لە ٤ی ئازاری ڕابردوو، لە
ئاوە نێودەوڵەتییەکاندا نوقمی کرد.
ڕۆژی یەک شەممەی
رابردوو، ئێران و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئه‌مریكا، کۆتاییهاتنی دانوستانەکانیان ڕاگەیاند
کە لە ئیسلام ئابادی پایتەختی پاکستان بەڕێوەچوو، بەبێ گەیشتن بە ڕێککەوتنێک بۆ ڕاگرتنی
جەنگه‌كه و هه‌ردوو لا یه‌كتریان به به‌رپرسیاره‌تی په‌ككه‌وتنی دانوستانه‌كان تۆمه‌تبار
ده‌كرد.
بەرەبەیانی 8ی نیسانی
ئەم مانگە، واشنتۆن و تاران ئاگربەستێکیان بۆ ماوەی دوو هەفتە، بە نێوەندگیری
پاکستان ڕاگەیاند، وەک ئامادەکارییەک بۆ دانوستانی فراوانتر بۆ کۆتاییهێنان بەو جەنگەی
کە ویلایەتە یەکگرتووەکان و ئیسرائیل، لە 28ی شوباتی ڕابردوو، دژی ئێران دەستیان پێکردووه.
لە بوارێکی دیکەدا، محەمەد
باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران، لە ڕێگەی پلاتفۆرمی "ئێکس"ی ئەمریکییەوە،
رایگه‌یاند تاران بە "وریاییەوە" مامەڵە لەگەڵ ڕاگرتنی تەقەی نێوان ئیسرائیل
و لوبنان دەکات".
ئێوارەی پێنجشەممە، دۆناڵد
ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا، دوای په‌یوه‌ندی تەلەفۆنی لەگەڵ جۆزێف عەونی لوبنانی و بنیامین
نەتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، ڕاگرتنی تەقەی لە لوبنان بۆ ماوەی 10 ڕۆژ ڕاگەیاند
کە لە نیوەشەوی ڕابردووەوە بە کاتی تەلئەبیب و بەیروت دەستی پێکردووه.
PM:04:07:17/04/2026
ئه‌م بابه‌ته 164
جار خوێنراوه‌ته‌وه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت