مۆسکۆ هۆشداری دەدات: ئەمریکا دوو هەفتەی ئێران داگیردەکات


وێستگەنیوز-

ئەنجومەنی ئاسایشی ڕوسیا، له‌ هۆشدارییەکی تونددا رایگه‌یاند ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل، دانوستانەکانی ئاشتی و ئاگربەستی ئێستا، وەک کڵاوڕۆژنەیەکی ستراتیژی بۆ ئامادەکاریی پڕۆسەیەکی سەربازیی زەمینیی بەرفراوان، دژ بە ئێران بەکاردەهێنن.

ئەنجومەنەکە لە ڕاپۆرتێکی شیکاریدا، سەبارەت بە دۆخی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە کەناڵی RTی ڕووسی بڵاویکردووەتەوە، ئاماژەی بەوە کردووە پێنتاگۆن، هاوکات لەگەڵ "ئاگربەستە دوو هەفتەییەی" کە لە هەشتی ئەم مانه‌گه‌وه‌ دەستیپێکردووە، بە شێوەیەکی بێوێنە و به‌رچاو، بەردەوامە لە بەهێزکردنی گردبوونه‌وه‌ سەربازییەکانی.

ئەنجومەنەکە بە ژمارە قەبارەی گردبوونه‌وه‌ سەربازییەکەی ئەمریکای ئاشکرا کردووە؛ بە جۆرێک ئێستا زیاتر لە 50 هەزار سەرباز لە ناوچەکەدان و لەلایەن 500 فڕۆکەی سەربازی و 20 کەشتیی جەنگییەوە پاڵپشتی دەکرێن.

ڕاپۆرتەکە ئاماژەی به‌وه‌ كردووه‌، چاوه‌ڕوان ده‌كرێت گروپه‌ وشكاوه‌كییه‌كان و کەشتییە فڕۆکەهەڵگرەکان، بە سەرکردایەتی كه‌شتی فڕۆكه‌هه‌ڵگری"جۆرج بوش" و "بۆکسەر" له‌ ساتەوەختی کۆتاییهاتنی ئاگربەستەکەدا، بگەنە ناوچەی ململانێکان، ئەمەش نیشانەی نیەتی واشنتۆنە بۆ بەهێزکردنی تواناکانی، لە بوارەکانی هێرشبردن، موشەکی و هەواڵگری.

بە پێچەوانەی پێشبینییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل، ئەنجومەنی ئاسایشی ڕوسیا، جەخت له‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌ سیستمی حوکمڕانی و بەڕێوەبردنی سەربازی لە ئێراندا، بە "سەقامگیرییەکی تەواو" کار دەکات و وڵاتەکە هیچ پشێوییەکی ناوخۆیی بەخۆوە نەبینیوە، بەڵکو لایەنە سیاسی و کۆمەڵایەتییە جیاوازەکان، لە دەوری دەسەڵاتی ناوەندی یەکیان گرتووە. ڕاپۆرتەکە هۆشداریدا له‌وه‌ی ئەو ئاگربەستەی بە ناوبژیوانی پاکستان-چین هاتووه‌ته‌ ئاراوه‌، ڕەنگە بۆ ماوەیەکی درێژ بەرگە نەگرێت، بەتایبەت لەگەڵ پێداگریی ئیسرائیل لەسەر بەردەوامیی هێرشەکانی لە لوبنان دژ بە حیزبوڵا و شکستی واشنتۆن و تەلئەبیب لە بەدیهێنانی تەواوی ئامانجە سەربازییەکانیان تاوەکو ئێستا.


AM:11:51:16/04/2026


ئه‌م بابه‌ته 992 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت