نەتانیاهۆ: بۆ هەموو ئەگەرەکان ئامادەین و ئامانجمان لەناوبردنی حیزبۆڵایە


وێستگەنیوز-

بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، نوێترین پێشهاتەکانی شەڕی لە باشووری لوبنان و دانوستانە ناڕاستەوخۆکانی لەگەڵ ئێران و لوبنان ئاشکرا کرد و ڕایگەیاند کە هێزەکانیان لە لێواری سەرکەوتنێکی گەورەدان.

نەتانیاهۆ ئاماژەی بەوە کرد کە سوپای ئیسرائیل هێرشەکانی بۆ سەر حیزبۆڵا بەردەوامە و ئێستا شەڕەکە لە ناوچەی "بنت جبیل" چڕبووەتەوە. نەتانیاهۆ وتی: "بنت جبیل پایتەختی حیزبۆڵا بوو لە باشوور؛ ئەمە هەمان ئەو شوێنەیە کە حەسەن نەسروڵا ٢٦ ساڵ لەمەوبەر تێیدا وتی ئیسرائیل لە ماڵی جاڵجاڵۆکە لاوازترە. ئێستا ئێمە لە لێواری داگیرکردن و لەناوبردنی ئەم قەڵا گەورەیەی حزبۆڵاداین."

سەبارەت بە پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل وتی: "لە کاتێکدا شەڕ دەکەین، لەگەڵ لوبنان لە دانوستانداین. ئێمە زۆر بەهێزین و وڵاتان ڕوومان تێدەکەن." نەتانیاهۆ دوو ئامانجی سەرەکی بۆ دانوستانەکان دیاری کرد کە ئەویش بریتین لە هەڵوەشاندنەوە و کۆتاییهێنان بە حیزبۆڵا و بەدیهێنانی ئاشتییەکی بەردەوام لە ڕێگەی بەکارهێنانی هێزەوە.

نەتانیاهۆ جەختی لەوە کردەوە کە واشنتۆن بەردەوام ئاگاداریان دەکاتەوە لە پەیوەندییەکانی لەگەڵ تاران و وتی: "ئامانجەکانی ئێمە و ئەمریکا یەکن؛ دەمانەوێت یۆرانیۆمی پیتێنراو لە ئێران بچێتە دەرەوە، توانای پیتاندن لە ناوخۆی ئەو وڵاتە لەناو بچێت و گەرووی هورمزیش بکرێتەوە."

لە کۆتایی لێدوانەکەیدا، نەتانیاهۆ ئاماژەی بەوە کرد کە هێشتا زووە بوترێت دۆخەکە بە چی کۆتایی دێت، بەڵام جەختی کردەوە: "ئەگەر شەڕ دەستپێ بکاتەوە، ئێمە بۆ هەر سیناریۆیەک و بۆ هەر ئەگەرێک بە تەواوی ئامادەین."


PM:09:41:15/04/2026


ئه‌م بابه‌ته 244 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت