وەزیرانی دەرەوەی چوار وڵاتی ناوچەکە کۆدەبنەوە


وێستگەنیوز-

ڕۆژنامەی ۆڵ ستریت جۆرناڵ بڵاویکردەوە کە بڕیارە جارێکی دیکە وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی سعوودیە، میسر، پاکستان و تورکیا کۆببنەوە.

ئامانجی کۆبوونەوەکە تاوتوێکردنی ئەو پێشنیازانەیە کە ئاراستەی ئێران کراون بۆ کۆتاییهێنان بە گەمارۆی کردەیی تەنگەی هورمز و گەیشتن بە ئاگربەستێکی هەمیشەیی لەگەڵ واشنتۆن
.

بەپێی زانیارییەکانی ڕۆژنامەکە، ئەم دیدارە لە شاری ئەنتالیای تورکیا ساز دەکرێت. چەند بەرپرسێکی ناوچەیی ئاماژەیان بەوە کردووە کە ئەم هەنگاوە بەشێکە لە هەوڵە هەرێمییەکان بۆ پڕکردنەوەی کەلێنەکانی نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و کۆماری ئیسلامی ئێران، بە مەبەستی دەستپێکردنەوەی دانوستانەکان بۆ کۆتاییهێنان بە گرژی و جەنگ لە کەنداو.

لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە کە دوای ئەوەی دانوستانەکانی ئاشتی لە ئیسلام ئاباد بێ گەیشتن بە ڕێککەوتن کۆتایی هات، وڵاتانی ناوچەکە ئێستا هەوڵ دەدەن واشنتن و تاران بگەڕێننەوە سەر مێزی گفتوگۆ. هەروەها ئاماژە بەوە دراوە کە ئەگەری هەیە خولی دووەمی گفتوگۆ ڕاستەوخۆکانی نێوان تاران و واشنتن لە چەند ڕۆژی داهاتوودا بەڕێوەبچێت.


PM:06:29:14/04/2026


ئه‌م بابه‌ته 288 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت